رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ مونیر حەداد، راوێژکاری یاسایی و سەرپەرشتیاری لیژنەی لەسێدارەدانی سەدام حوسێن لە بەغدا لە "هەوڵێکی تیرۆرکردن" رزگاری بوو.
مونیر حەداد، سەرپەرشتیاری لیژنەی لەسێدارەدانی سەدام حوسێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ کاتێک بەرەو دادگە دەچووم، ئۆتۆمبێلێکی سپی لە ناوچەی مەدائین لە بەغدا، کە دوو چەکداری دەمامکداری تێدابوو، بە خێرایی لێیانخوڕی و چەند گولـلەیەکیان تەقاند، بەڵام هیچ زیانێکم بەرنەکەوت."
مونیر حەداد گوتی، "پاسەوانم لەگەڵ نەبوو، چونکە رۆژی دەنگدانی تایبەتە."
ئەو راوێژکارە یاساییە گوتیشی، "کێشەم لەگەڵ کەس نییە؛ بەربژێریش نیم. بڕواناکەم کێشەکە سیاسی بێت. سکاڵام لە دادگە تۆمار کردووە و بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەم."
مونیر حەداد پێشتر جێگری سەرۆکی دادگەی تێهەڵجوونەوە بوو لە دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق و بە گوتەی خۆی، دوایین جار لە ساڵی 2010 رووبەڕووی هەوڵێکی دیکەی تیرۆرکردن بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ