ئاسایشى نیشتمانیى عێراق: هێرشی سەر بارەگاکەمان زیانی زۆری هەبووە

08-12-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیى عێراق دەڵێت، هێرشی سەر بارەگە سەرەکییەکەیان لە بە‌غدا زیانی مادی زۆری هەبووە و ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشەکە لە رێگەی 8 مووشەکەوە بووە. 
 
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژى دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیى عێراق بە میدیاى فەرمى عێراقى راگەیاند، ئەو هێرشەی رۆژی هەینی 08-12-2023  کرایە سەر بارەگا سەرەکییەکەیان لە بەغدا لە رێگەی 8 مووشەکەوە بووە و ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە لە لایەن گرووپی لە یاسا دەرچووەوە کراوە. 
 
ئەرشەد حاکم رایگەیاند، ئەو هێرشە زیانى مادى زۆری بە بارەگەى دەزگەکە و ئۆتۆمبێلەکانی گەیاندووە و تەنانەت پارچەى موشەکەکان زیانیان بە خانووەکانى نزیک لە بارەگاکە گەیاندووە.
 
هەمان رۆژ لە بەغدا هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا. باڵیۆزخانەکە رایگەیاند، بە دوو مووشەک هێرشەکە کراوە، بێ ئەوەی باسی هیچ زیانێک بکات.
 
گوتەبێژی باڵیۆزخانەکە بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی خستە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران و داوای لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد لێکۆڵینەوە بکات.
 
ئەرشەد حاکم ئاماژەى بەوەدا، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستى پێکردووە و گوتیشی، ئەنجامدەرانی هێرشەکان دەدۆزنەوە و دەیاندەنە دادگا.
 
رۆژێک پێش ئەو هێرشانە سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە 78 هێرش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا؛ 37یان لە عێراق و 41یان لە سووریا، کە بە هۆیانەوە زیاتر لە 60 سەرباز و راوێژکاری ئەمریکی بە سووکی بریندار بوون؛ هەروەها بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری رۆژئاوای عێراق، بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا.
 
لە بەرامبەریشدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەند جارێک گرووپەکانی نزیک لە ئێرانی لە سووریا و عێراق بۆردوومانکردووە، لەوانەش لە 3ـی کانوونی یەکەم، ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردە سەر پێگەیەکی هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو لە نزیک کەرکووک و لە ئەنجامدا پێنج چەکداری ئەو گرووپانەی کوشت.
 
ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا جێگیرکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە