رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی بەدر و عەسائیبی ئەهلی حەق لەسەر پۆستی پارێزگاری دیالە ناکۆکن. نوێنەری خانەقینیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "پۆستی جێگری پارێزگاری دیالە بۆ کورد دەبێت."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ناکۆکی لەنێوان شیعەکان بە دیاریکراوی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری و بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی دروستبووە لەبارەی دەستنیشانکردنی پارێزگاری دیالە؛ بەو هۆیەوە تائێستا حکومەتی خۆجێیی ئەو پارێزگایە پێکنەهاتووە.
رێکخراوی بەدر، پارێزگاری دیالە بە پشکی خۆی دەزانێت و موسەننا تەمیمی، پارێزگاری پێشووی بەربژێرکردووەتەوە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام عەسائیب دژی دانانەوەی موسەننا تەمیمییە.
ئەنجوومەنی پارێزگاری دیالە لە 15 کورسی پێکهاتووە؛ کورد 1 کورسی، شیعە 7 کورسی و سوننە 7 کورسیان هێناوە.
ژمارەی کورسی و دەنگی لایەنەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەم شێوەیەیە:
- دیالەتونا وەتەنى (شیعە): 107,554 دەنگ؛ 4 کورسی
- تەقەدووم (سوننە): 79,934 دەنگ؛ 3 کورسی
- سیادە (سوننە): 73,890 دەنگ؛ 3 کورسی
- عەزم (سوننە): 44,061 دەنگ؛ 1 کورسی
- ئیستحقاقى دیالە (شیعە): 44,195 دەنگ؛ 2 کورسی
- هاوپەیمانى ئەساس(شیعە): 29,961 دەنگ؛ 1 کورسی
- یەکێتی: 28,648 دەنگ؛ 1 کورسی
رۆژی شەممە 10ـی شوباتی 2024، سۆزان مەنسوور، نوێنەری قەزای خانەقین لە سنووری پارێزگاری دیالە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، داوایان کردووە "کورد وەک نەتەوە سەیر بکرێت، نەوەک ئەنجامی هەڵبژاردن؛ بۆیە پێویستە پۆستی جێگری پارێزگار بۆ کورد بێت و بڕیاریشە ئەو پۆستە بدرێتە کورد و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەو پۆستە چەند بەربژێرێکی دەبێت."
رۆژی 5ـی شوباتی 2024، بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دواخرا و هەڵگیرا بۆ رۆژێکی دیکە.
تورکی جەدعان، سەرۆکی کاتیی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە [بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەن] بە رووداوی گوت، "ناچاربووین دانیشتنەکە هەڵبگرین، هەرکاتێک ئەندامان لەسەر بەربژێرەکان رێکەوتنیان هەبێ، دەستپێدەکەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ