دەستپاکیی عێراق: 391 ملیار دینار و پێنج ملیۆن دۆلارمان گەڕاندووەتەوە

10-03-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایدەگەیێنێت، ساڵی رابردوو دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی 255 دۆسیەی تاوانکاری تۆمارکردووە، 101 دۆسیەیان رادەستی دادگە کراوە. هەروەها توانیویانە 391 ملیار و 450 ملیۆن و 45 هەزار دینار و پێنج ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بگەڕێننەوە. 
 
دەستەکە دەڵێت، لەگەڵ گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە، رێگرییان کردووە کە 82 ملیار و 623 ملیۆن و 750 هەزار و 545 دینار و پێنج ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و پارچە زەوییەک بە رووبەری دوو هەزار و 880 مەتر چوارگۆشە لە شوێنێکی نایابی پارێزگای دیوانییە بەهەدەر بچن. 
 
بەپێی دەستەکە بێت، 154 دۆسیە لێکۆڵینەوە تێیاندا بەردەوامە. هەروەها ژمارەی ئەو راپۆرتە هەواڵدەرییانەی کە لەژێر لێکۆڵینەوە و بەدواداچووندان شەش راپۆرتن. 

رێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی پارچە زەوییەکی دیکە لە دیوانیە و دەستگرتن بەسەر 70 هەزار دۆسیەی دابەشکردنی زەوی لە پارێزگای ئەنبار بەشێکی دیکەی کارەکانی دەستەکە بوون. 

فەرمانی بانگهێشتکردن بۆ چوونە بەردەم دادگە بۆ 115 کەس دەرکراوە و 98یان جێبەجێکران. دەستەکە دەڵێت، "تاوەکو ئێستا 40 کەس بەتۆمەتەکانی گەندەڵی لەلایەن دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییەوە راگیراون. 11 ئۆپەراسیۆن لە کاتی تاوانی گەندەڵیدا ئەنجامدرا کە بەهۆیەوە یەک ملیار و 600 ملیۆن دینار و 60 هەزار دۆلاری ئەمریکی و بڕێک زێڕ و خشڵ کە بەهاکەی دیارینەکراوە، دەستیان بەسەرداگیراوە."

 

حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیمارات سەرقاڵن بۆ گەڕانەوەی نەورەس عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری پێشووتری تەندروستیی بابل، رێکارەکان تەواوبوونە، بەڵام لە ئیمارات خۆی شاردووەتەوە، هەر کات دەستگیر بکرێت، رادەستی عێراق دەکرێتەوە.
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بە دۆسیەی بەڕێوەبەری پێشووتری بانکی بازرگانیی عێراقی کرد و گوتی "دۆسییەکانی حەمدییە جاف، 17 دۆسیەن، کاری لەسەر دەکەین، نزیکەی دوو ملیار دۆلاری لایە. پێنج لەو دۆسێیانە لە سەرووبەندی تەواوبووندان."
 
بە گوتەی حەیدەر حەنوون، تۆمەتباری دیکە هەن لە سووریا، سعودیە و وڵاتانی دیکە، لە تورکیا 101 تۆمەتبار و داواکراو هەن بە تاوانی گەندەڵی و کۆکردنەوەی سامانی زۆر.
 
رۆژی پێنجشەممە، 9-2-2023، دەستەی دەستپاکیی عێراق دەستگیرکردنی حەمدییە جافی راگەیاند و ئاشکرایکرد، هاوکات بووە لەگەڵ سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو، چونکە حەمدییە جاف هەڵاتبوو بۆ ئەو وڵاتە.
 
دەستەی دەستپاکیی ئەو کات گوتی، حەمدییە جاف ئەو کاتەی بەڕێوەبەری گشتیی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بووە، زیانی زۆری بە سامانی گشتی گەیاندووە و قەبارەی زیانەکە گەیشتووەتە یەک ملیار و 116 ملیۆن و 24 هەزار و 788 دۆلار.
 
کۆتاییەکانی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2021، دادگەی کەرخی تایبەت بە پرسەکانی گەندەڵی، بەبێ ئامادەبوونی خۆی، سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بۆ حەمدییە جاف دەرکرد و رایگەیاند: "40 ملیۆن دینار زیانی لە سامانی گشتیی عێراق داوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بووک و زاوایەک.

هاوژینی و جیابوونەوە لە عێراق کەمیکردووە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، لە تشرینی دووەمی 2025دا هاوژینی و جیابوونەوە بەراورد بە مانگی پێشتر کەمیکردووە. مانگی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار گرێبەستی هاوژینی و 5 هەزار جیابوونەوە تۆمارکراون.