گوتەبێژی حەشدی شەعبی بۆ رووداو: هێرشی ئاسمانی کرایە سەر هێزەکانمان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حەشدی شەعبی رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئاسمانی لە سنووری قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار، چەکدارێکیان کوژراوە و هەشتی دیکەش بریندار بوون.
 
شێخ کەریم کینانی، گوتەبێژی حەشدی شەعبی، بەرەبەیانیی چوارشەممە، 11-03-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێرشێکی چڕی ئاسمانی کرایە سەر هێزەکانمان لە سنووری قائیم لە پارێزگای ئەنبار."
 
سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی ئەو هێرشە، گوتەبێژەکەی حەشدی شەعبی گوتی: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، کەسێک گیانی لەدەستداوە و هەشت کەسی دیکەش بریندارن."
 
قائیم لە پارێزگای ئەنبار یەکێکە لەو ناوچانەی پێشتر چەندین جار بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی تێدا کراونەتە ئامانج. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشە رانەگەیاندووە.
 
هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای نەینەواش بنکەکانی حەشدی شەعبی بۆردوومان کران. عەبدوڵڵا نوجێفی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێلیکۆپتەرێک کە ناسنامەکەی نەزانراوە، جەمەلۆنی کارگەیەکی قیری لە نزیک چیای باسخرە لە سنووری پارێزگای نەینەوا بۆردوومان کردووە، کە نزیکە لە بارەگاکانی حەشدی شەعبی."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە