وەزارەتی بەرگریی عێراق: هێرشکردنە سەر بنکە ئاسمانییەکانمان بە ئامانجگرتنی گەلی عێراقە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی عێراق بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر دوو بنکەی ئاسمانیی وڵاتەکەی دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەو بنکانە تەنیا هێزی عێراقییان تێدایە و هەر هێرشێک بۆ سەریان، بە "ئامانجگرتنی راستەوخۆی توانا سەربازییەکانی گەلی عێراق" دادەندرێت.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-03-2026، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە چەند رۆژی رابردوودا بە درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر بنکەی ئاسمانیی "شەهید محەممەد عەلا" و بنکەی ئاسمانیی "شەهید عەلی فلەییح".
 
وەزارەتەکە دەڵێت، ئەو بنکە ئاسمانییانە سەروەریی عێراقن و بە تەواوی لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و یاسادان، "هیچ هێزێکی بیانییان تێدا نییە" و تەنیا فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی و ئەفسەر و کارمەندانی سوپای عێراقیان تێدا جێگیر کراوە.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی سیستمە بەرگرییەکان توانیویانە هێرشەکان پووچەڵ بکەنەوە، بەڵام وەزارەت دەستەوەستان ناوەستێت و دەڵێت: "بە تووندی رووبەڕووی هێرشەکان دەبینەوە و لە رووی یاسایی و مەیدانییەوە بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی دامەزراوە گرنگەکان دەدەن."
 
وەزارەتی بەرگریی عێراق هۆشداری دەداتە هێرشکاران و رایدەگەیێنێت، دەستبردن بۆ ئەو بنکانە "بە ئامانجگرتنی راستەوخۆی توانا و هێزی سەربازیی گەلی عێراقە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە