رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە "کە رێگە نادرێت خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتان بەکاربهێنرێت." فراکسیۆنیی پارتی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نووسراوێک دەداتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەویش بەڵێن دەدات.
ئێوارەی سێشەممە، 10ی ئاداری 2026، محەممەد شیاع سوودانی، پێشوازی لە شاندێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کرد بە سەرۆکایەتی فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە نووسراوێک داوامان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد پێش جەژن مووچەی مانگی سێی هەرێمی کوردستان بنێرن، ئەویش بەڵێنیدا ئەگەر مووچەی عێراق درا، مووچەی هەرێمی کوردستانیش دەنێرێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران و جەخت کرایەوە لە پاراستنی سەروەریی عێراق "رەتکردنەوەی هێرشکردنە سەر هەر شارێکی عێراقی".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا رایانگەیاندووە: "رێگە نادرێت خاکی عێراق ببێتە شوێنی هێرشکردن و دەستدرێژی بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دیکە."
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆخی سیاسیی نێوخۆ و گرنگیی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان، ئەوەش لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان و بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشەپێدان لە هەموو ناوچەکانی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ