لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکردەوە

10-05-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن عێڕاق خۆپیشاندان
A+ A-

رووداو- بەسڕە

شەوی رابردوو لە چەند پارێزگایەکی عێراق خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکردەوە و خۆپیشاندەران لە درووشمەکانیاندا داوایان لە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کرد، بە زووترین کات بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لە دوو مانگە خۆپیشاندانەکانی عێراق کەمبوونەتەوە، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق. درەنگانی شەوی رابردوو لە پارێزگاکانی بەسڕە، واست، بابل و کەربەلا خۆپیشاندەران هاتنەوە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان و لە درووشمەکانیاندا داوایان دەکرد شۆڕش دەستپێبکاتەوە.

خۆپیشاندەران لە پارێزگای واست هەڵیانکوتایە سەر بارەگای حیزبەکان و بارەگای رێکخراوی بەدریان سووتاند، لە کەربەلاش یەکێتیی قوتابیانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا تا کۆتایی مانگی تەممووز مۆڵەتیان دایە حکومەت خواستی خۆپیشاندەران جێبەجێبکات.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019 خۆپێشاندان زۆربەی شارەکانی عێراقی گرتەوە. بە گوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە خۆپێشاندانەکانی عێراق، زیاتر لە 500  کەس کوژراون و 19 هەزار کەس برینداربوون. خۆپێشاندانەکان عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیان ناچارکرد دەستلەکارکێشانەوەی خۆی رادەستی پەرلەمان بکات.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ خۆپیشاندانەکانی عێراق کۆتاییان هات، بەڵام دوای هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆ لەگەڵ دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی جارێکی دیکە خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکردوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە