لە بەغدا ئاوی رووباری دیجلە پێنج مەتر کەمیکردووە

10-05-2021
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات هەڕەشە لە عێراق دەکات
کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات هەڕەشە لە عێراق دەکات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کەمیی بارانبارین مەترسییەکانی وشکەساڵی تاوەکو رادەیەکی مەترسیدار بەرزکردووەتەوە و ئاستی ئاوی دوو رووبارە سەرەکییەکەی عێراقیش دابەزیوە، لە ساڵانی پێش 2003 لە ھەر چرکەیێک لە رووباری دیجلە و فورات 600 مەتر سێجا ئاو دەرژایە نێو خاکی عێراق. کەچی ئێستا ئەو دوو رووبارە لە چرکەیێک تەنها 320 مەتر سێجا ئاو دەرژێننە نێو خاکی عێراق.
 
رووباری دیجلە و فورات ئاویان هێندە کەمیکردوە لە زۆر شوێن بنی زەوییەکە دیارە، کەمیی ئاو قەوزەی زۆر کردووە، ئاوەکە سەوزباو دەنوێنێ، لە بەغدا پێنج مەتر ئاوی دیجلە دابەزیوە، کشتوکاڵ لە وشکەساڵیدا گورزێکی گەورەی بەرکەوتووە.
 
بەشیر یوسف جووتیارێکی گەنجە لە کەربەلا، وەکو لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت ئەو جووتیارە لەسەر کێڵگەکەی وەستاوە و قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێت، گوند کەسی وای تیا نەماوە، ئاو نییە کشتوکاڵ هەموو بووەتە زیانکردن، خەڵک ناچارن باربکەن بەرەو شارەکان. 
 
بەشیر یوسف، دانیشتووی پارێزگای کەربەلایە ساڵانە بەشێک لە زەوییەکانی لەبەر بێئاوی وشکدەبن، ئەوانەی کشتوکاڵیشی تێدا دەکات بەروبوومەکەیان لاواز دەردەچن بەھۆی کەمیی ئاودان، بەشیر وەک ھەزاران جووتیاری دیکە بیر لە جێھێشتنی گوندەکەیان دەکاتەوە.  
 
بەشیر یوسف دەڵێت، وشکایی ئەم ناوچەیەی گرتووەتەوە بە رێژەیێکی زۆر بۆیە دەبینی کۆچی بەکۆمەڵ لە گوندەکان بۆ شارەکان دەستی پێکردووە و ژمارەی جووتیاران کەمبووەتەوە، کەمیی ئاو کاریگەریێکی نێگەتیڤی کردووەتە سەرمان، بۆ بەڵگە ئەم ناوچەیە ئاوی لە فوراتەوە دێت، کاتێک ئاوی فورات ئاستی دابەزی ئاو بۆ لای ئێمەش نایێت، ئەوەش بووەتە ھۆی وشکیی زەوییەکان، چونکە رووباری فورات بۆ ئێرە مەودایەکی دوورە.
 
رووباری دیجلە لەنێو پایتەختی عێراق، دابەزینی ئاستی ئاو دیمەنەکەی خەمناک کردووە، لە زۆربەی شوێنی دیجلە وشکایی دەرکەوتووە، بەپێی ئاماری وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان ، لە دوای ساڵی 2003ـوە بە رێژەی 47 ٪‏ ئاوی عێراق کەمیکردووە، لە بەغدا ئاستی ئاوی دیجلە نزیکەی پێنج مەتر دابەزیوە، بەڵام رووباری فورات زیاتر لەم ئاستە ئاستی ئاوی کەمیکردووە، تا بەرەو خوارووی عێراقیش بچێت ئاستی ئاوی ئەو دوو رووبارە کەمتر دەبێتەوە، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق کەمبوونەوەی ئاو بە سرووشتی دەبینێت، بەڵام بەجۆرێک زیانەکە بەسەر ھەموو وڵاتان دابەشبکرێت نەک تەنها عێراق.
 
عەون زیاب، بریکاری وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەڵێت، ھۆکاری دابەزینی ئاستی ئاو سرووشتییە بەھۆی کەمیی بارانبارین، بەڵام ناکرێت زیانەکە تەنها ئێمە لە ئەستۆی بگرین، بەڵکو دەبێت زیانەکە دابەشبکرێت بە شێوازێکی یەکسان، نابێت تورکیا ئاو بگرێتەوە بۆ پێداویستیی خۆی و وڵاتانی دیکە بێبەش بکات، ئەوەش رێگەپێدراو نییە نە لەرووی پەیوەندیی نێودەوڵەتی نە لە لایەنی مرۆڤایەتیشەوە، رێککەوتننامەمان هەیە لەگەڵ تورکیا بەوەی لە ھەر چرکەیێک 500 مەتر سێجا ئاو بەرداتەوە لە سنووری تورکیا سووریا بۆ عێراق، پێویستە تورکیا پابەندبێت بە رێککەوتنەکە.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق،  لە ساڵی 2019وە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە پارێزگاکانی کەربەلا، نەجەف، زیقار، میسان و بەسرە، بەھۆی بێئاوی وشکبوونە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە