شاندێکی باڵای پارتی لە بەغدا لەگەڵ سوودانی و لایەنە سیاسییەکان کۆبووەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، پێشوازی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد کە فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی سەرۆکایەتیی دەکرد.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکان و رەوشی گشتیی عێراق کراوە و جەخت لە یەکخستنی هەڵوێستی هێزە نیشتمانییەکان و کارکردن بە دیدگەیەکی هاوبەش کراوەتەوە، بۆ بەردەوامیدان بە پرۆژەکانی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە بە جۆرێک کە لەگەڵ خواستەکانی خەڵکی عێراق بێت.
 
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکان کرایەوە، "بۆ ئەوەی کار بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە چاکسازی و گەشەپێدانەکان بکرێت لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی دا."
 
شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەر ئەمڕۆ لە بەغدا لەگەڵ هەریەک لە د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە؛ موسەنا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم؛ هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و حوسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی وەتەنی و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری کۆبووەوە و هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێ کرد.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە