رووداو دیجیتاڵ
چوار بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ماونەتەوە کە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان یەکێکیان هەڵدەبژێرێت، پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و پشکی لە وەزارەتەکان دەخاتە یەک سەبەتە بۆ دابەشکردنی بەسەر لیستە براوەکانی شیعە بەگوێرەى کورسییەکانیان، سوننەکانیش لە ماڵی ئەحمەد جبووری "ئەبو مازن" کۆدەبنەوە بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، کە بە یەک یان دوو بەربژێرەوە دەچنە کۆبوونەوەی پەرلەمان.
هەفتەیەک لەبەردەم لایەنە سیاسییەکان ماوە بۆ یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان لە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، کە یەکەم هەنگاوی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقە. شیعەکان لەلایەک و سوننەکان لەلایەکی دیکەوە کۆبوونەوەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێرانیان بۆ ئەو دوو پۆستە باڵایەی کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنیانە.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کۆبوونەوەی شەوی 22ی کانوونی یەکەمدا باسیان لە "رێگەکانی خێراکردنی دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران و بەرکەوتەکانی دیکەی هەڵبژاردن" کردووە.
رەحیم عەبوودی، ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی رەوتی حیکمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: بەفەرمی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و دوو بەربژێری دیکە وەک بەربژێری یەکلاکەرەوە تۆمارکراون کە حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر و عەلی شوکری، وەزیری پلاندانانی پێشوون.
رەحیم عەبوودی گوتی: "هەنگاوی داهاتووی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەوە دەبێت کە یان لە نێوان نووری مالیکی و محەمنەد شیاع سوودانی یەکێکیان یەکلا بکەنەوە، یان پەنا بۆ یەکێک لە بەربژێرانی یەکلاکەرەوە ببرێت".
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 17ی تشرینی دووەم دوو لیژنەی پێکهێنا؛ یەکێکیان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و ئەوی دیکەیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
لیستە شیعەکان لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 180 کورسییان بەدەستهێنا و گەورەترین فراکسیۆنیان بۆ پێکهێنانی حکومەت پێکهێناوە، بۆ دابەشکردنی بەرکەوتەیان لە پۆستەکان پشت بە ژمارەی کورسیی لیستەکانیان دەبەستن.
عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: لایەنە شیعەکان رێکەوتوون کە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزارەتەکان بخرێتە یەک سەبەتە؛ هەر پۆستێک ژمارەیەک خاڵی هەیە کە بەرامبەر بە ژمارەی کورسیی بەدەستهاتووی لیستەکانن، کە ئەگەر لیستێکی دیاریکراو پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت کە بەرامبەر بە ژمارەی کورسییەکانیان بێت، پۆستی دیکەی وەزارەت وەرناگرێت.
بەر لە بەربژێری سەرۆکوەزیران، شیعەکان دەبێت بەربژێری پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان یەکلابکەنەوە، کە لە هەمان کۆبوونەوەدا هەڵدەبژێردرێن. عەقیل فەتلاوی گوتی: "بەر لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق پرسی جێگری سەرۆکی پەرلەمان یەکلا دەکرێتەوە کە بەر کام لایەنە دەکەوێت".
هەنگاوی بەردەم شیعەکان بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێریان بۆ سەرۆکوەزیران و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، خۆیەکلاکردنەوەی سوننەکانە لەسەر بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە تاوەکو ئێستا لەسەری نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، رۆژی سێشەممە (23ی کانوونی یەکەمی 2025) ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە لە ماڵی ئەحمەد جبووری "ئەبو مازن"، ئەمینداری گشتیی پارتی جەماوەری نیشتمانی کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنەوەی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران.
بەگوتەی عەزام حەمدانی لەو کۆبوونەوەیەدا دۆسیەی بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلا دەکەنەوە، کە ئایا یەک بەربژێریان هەبێت لە نێوان محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پارتی تەقەدووم و موسەنا سامەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، یان ئەگەر رێکنەکەوتن بە هەردوو بەربژێرەکەوە بچنە پەرلەمان و بە دەنگدان یەکلا بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ