عێراق
زبڵ و خاشاک لە شەقامێکی هەولێر؛ وێنەکە بڵند تاهیر گرتوویەتی و بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە
رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە زیاتر لە 20 ملیۆن تۆن خۆڵ و خاشاک و پاشماوە لە عێراق لەلایەن شارەوانییەوە هەڵدەگیرێتەوە، هەر تاکێک رۆژانە 1.3 کلیۆگرام خاشاکی هەیە و زۆرترین بڕى لە کەربەلایە بەبڕى 2.5 کیلۆگرامى رۆژانەیە بۆ هەر کەسێک.
ئەو زانیارییانە لەنێو راپۆرتی پێنوێنى دەستەی گشتیی ئاماری عێراقە بۆ خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی، لەسەر بنەماى ئامارەکانى ساڵى 2024 .
267 شارەوانی لە سەرانسەری عێراق هەن کە زۆربەیان لە سنووری پارێزگای نەینەوان و 31 شارەوانین، کەمترینیان لە کەربەلایە کە حەوت شارەوانین، پێنوێنیەکە دەریخستووە کە چوار ناحیە لە کەرکووک ئەوانیش قەرەهەنجیر، شوان، یایچی و مولتەقان، شارەوانییان نییە.
بەگوێرەی پێنوێنییەکە 69%ی دانیشتووانی عێراق خزمەتگوزاریی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکیان پێدەگات، بەوپێیە 31%ی دانیشتووان ئەو خزمەتگوزارییە نایانگرێتەوە. زۆرینەی ئەو کەسانەی کە خزمەتگوزاریی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکیان پێدەگات شارنشینەکانن کە 92.8% پێکدەهێنن .
شارنشینانی کەرکووک و زیقار بە رێژەی 100% خزمەتگوزاریی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکیان پێگەیشتووە، لەکاتێکدا لە سەلاحەدین کەمترین بووە بە رێژەی 66.31%.
ساڵانە لە عێراق 20 ملیۆن و 635 هەزار تۆن پاشماوە، خۆڵ، خاشاک و پاشماوەی رووخاندنی خانوو و پارچەی شکاو کۆدەکرێتەوە؛ بەغدا پشکی شێری بەرکەوتووە بەوەی لە ساڵێکدا سێ ملیۆن و 667 هەزار و 200 تۆن ئەو پاشماوە و خۆڵ و خاشاکانەی هەبووە و کەمترینیش لە پارێزگای موسەننا بووە، کە 317 هەزار و 500 تۆن بووە.
کۆی پاشماوەی خانووی رووخاو یان رووخێنراو کە کۆکراوەتەوە حەوت ملیۆن و 685 هەزار تۆن بووە، کە زۆرینەیان (دوو ملیۆن و 462 هەزار تۆن ) لە پارێزگای ئەنبار بووە.
62.2%ی ئەو پاشماوانە خۆڵ و خاشاک بوون، کە 12 ملیۆن و 836 هەزار تۆنە و رۆژانە دەکاتە 35 هەزار و 200 تۆن، هەروەها 37.2%یان پاشماوەی هەڵگیراوەکان لەلایەن شارەوانییەوە هی رووخاندنی بینا و باڵەخانە بوون.
تێکڕای پشکی هەر تاکێک لە بەرهەمهێنانی خۆڵ و خاشاک رۆژانە 1.3 کیلۆگرام بووە، زۆرترین رێژەی بەرهەمهێنانی خۆڵ و خاشاک بۆ تاک لە کەربەلا بووە کە 2.5 کیلۆگرام بووە. راپۆرتەکەی دەستەی گشتیی ئاماری عێراق زۆریی بڕی پاشماوە و خۆڵ و خاشاکە بەرهەمهاتووەکانی کەربەلای بۆ زیارەتکارانى پێگە ئانییەکانى ئەو پارێزگایە گەڕاندووەتەوە.
پارێزگای ئەنبار لە ڕیزبەندیی دووەمدایە لە بەرهەمهێنانی خۆڵ و خاشاکی رۆژانە کە بۆ هەر تاکێک 1.8 کیلۆگرام بووە.
بڕی پاشماوە و خۆڵ و خاشاکی مەترسیدار کە رۆژانە لەلایەن شارەوانییەکانەوە کۆکراوەتەوە 374 هەزار تۆن بووە، کە سەرجەمی لە پارێزگاکانی دیالە، ئەنبار، نەجەف، موسەننا و میسان بوون.
راپۆرتەکە دەریخستووە کە 212 شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاک لە عێراق هەن، کە تەنیا 79یان مۆڵەتی ژینگەییان هەیە و 76یشیان لە دەرەوەی سنووری شارەوانیی شارەکانن.
ئامارى خۆڵ و خاشاک لەعێراق
ساڵانە:
20.6 ملیۆن تۆن
خزمەتگوزارى هەڵگرتنەوەى خۆڵ و خاشاک:
69%ى دانیشتووان
زبڵی رۆژانە:
1.3 کگم بۆ یەک کەس
پاشماوەى مەترسیدارى رۆژانە:
374 هەزار تۆن
شوێنی فڕێدانی زبڵ:
212 شوێن
133 بێمۆڵەتی ژینگە
79 مۆڵەتدار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ