تەندروستیی عێراق: لە سێ ساڵدا 15 نەخۆشخانە دروستکراون کە 3169 قەرەوێڵەیان هەیە

10-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، لە سێ ساڵدا 15 نەخۆشخانە و 115 ناوەندی فریاگوزاری سەرەتاییان دروست کردووە و 16 نەخۆشخانەی دیکەش لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا دروست دەکرێن.
 
ئەمڕۆ شەممە، 10ـی ئایار، د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە کۆی گشتی لە سێ ساڵی رابردوودا، 15 نەخۆشخانەی نوێی پێشکەوتوومان دروستکردووە کە سێ هەزار و 169 قەرەوێڵەیان هەیە. هەروەها 115 ناوەندی فریاگوزاری سەرەتایی و 42 ناوەندی تەندروستیمان دروست کردووە."
 
ئەو نەخۆشخانانەی دروستکراون ئەمانەن:
 
- نەخۆشخانەی حەدبا لە نەینەوا: 81 قەرەوێڵەیی
- نەخۆشخانەی رەبیعە لە نەینەوا: 138 قەرەوێڵەیی
- نەخۆشخانەی تکریتی فێرکاری: 460 قەرەوێڵەیی
- نەخۆشخانەی رەمادی فێرکاری: 480 قەرەوێڵەیی
- نەخۆشخانەی حەدیسەی گشتی: 200 قەرەوێڵەیی
- نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشی دەروونی لە دیوانییە: 50 قەرەوێڵەیی
- نەخۆشخانەی ئازادی گشتی لە نەجەف: 50 قەرەوێڵەیی
- نەخۆشخانەی بەتحا لە زیقار: 50 قەرەوێڵەیی
- نەخۆشخانەی سیابی فێرکاری لە بەسرە: 492 قەرەوێڵەیی
- نەخۆشخانەی عێراقی - کوێتی لە بەسرە: 250 قەرەوێڵەیی
- نەخۆشخانەی حەکیمی فێرکاری لە میسان: 492 قەرەوێڵەیی
- نەخۆشخانەی گشتیی گەل لە بەغدا: 200 قەرەوێڵەیی
- نەخۆشخانەی عێراقی - کۆری بۆ چاودێری چڕ لە بەغدا: 76 قەرەوێڵەیی
- ناوەندی قەنات بۆ شیاندنەوەی کۆمەڵایەتی لە بەغدا: 150 قەرەوێڵەیی
- نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشییەکانی خوێن و چاندنەوەی مۆخی ئێسک لە بەغدا
 
وەک گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی پێدەکات، "هەر لە سێ ساڵی رابردوودا، هەیکەلی 142 نەخۆشخانە و بەشەکانی تایبەت بە چاودێری چڕمان تەواوکردووە، کە پێشتر کارکردن تێیاندا وەستابوو. ساڵانەش 397 ملیار دینار بۆ پڕۆژە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دابین دەکرێت."
 
بە گوتەی سەیف بەدر، "بەگوێرەی گرێبەستێکیش کە لەگەڵ وڵاتی چین کردوومانە، لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا، 16 نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی پێشکەوتوو لە 16 ناوچەی جیاوازی بەغدا، کەرکووک، نەجەف، زیقار، میسان، واست، دیوانییە، نەینەوا، ئەنبار، دیالە، بابل، کەربەلا و موسەننا دروست دەکەین."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە