رووداو دیجیتاڵ
لە 75 رۆژدا 1.8 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمى کوردستان کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان دەرهێناوە و بەغدا و هەولێر یەکەمن، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەى تاوەکو ئەمڕۆ دەتوانن بەشدار بن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 21 ملیۆن دەنگدەر.
بەگوێرەى دوایین ئامار کە لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە دەست رووداو کەوتووە، تاوەکو ئەمڕۆ سێشەممە 10ى حوزەیرانى 2025، یەک ملیۆن و 850 هەزار و 243 کەس کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان دەرهێناوە.
لەسەر ئاستى عێراق، بەغدا لە ریزبەندیى یەکەمە و 406 هەزار و 447 کەس کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان دەرهێناوە.
نەینەوا لە ریزبەندیى دووەمە بە 259 هەزار و 460 کەس، بەسرە لە ریزبەندیى سێیەمە بە 107 هەزار و 196 نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدان.
لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان، پارێزگاى هەولێر یەکەمە و 128 هەزار و 970 کەس کارتى دەنگدانیان دەرهێناوە، سلێمانى لە ریزبەندیى دووەمە بە 94 هەزار و 699 نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدان، لە دهۆک 65 هەزار و 476 کەس تۆمارى دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە.
بەگوێرەى ئامارەکە، ژمارەی ئەو کەسانەى تاوەکو ئێستا (10ى حوزەیران) کارتی دەنگدانیان دەرهێناوە و دەتوانن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەنگ بدەن، گەیشتووەتە 21 ملیۆن و 178 هەزار و 979 کەس.
دەرگای نوێکردنەوەى تۆماری دەنگدەران لە 25ی ئادارەوە کراوەتەوە و تاوەکو 15ى حوزەیران بەردەوام دەبێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، 29 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان دەبێت، بەڵام ئەوانە دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن کە کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ