بەشدار موزەفەر و نەهرۆ محەممەد
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بە "گیانی سازش" کۆتایی بە چەقبەستوویی سیاسی بهێنن و پەلە بکەن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئاماژە بەوەش دەکات، هەولێر و بەغدا پێویستیان بە دیالۆگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی حوزەیرانی 2025 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دۆخی عێراق کۆبووەوە. محەممەد حەسان، نێردەی یونامی لە عێراق راپۆرتی وەرزیی خۆی لەبارەی دۆخی عێراق پێشکێش کرد، لە بەشێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای تێپەڕبوونی 6 مانگ بەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی هەرێمی کوردستاندا، هێشتا کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهاتووە.
محەممەد حەسان گوتیشی، "گیانێکی سازش کە سەرنج بخاتە سەر ئامانجە هاوبەشەکان، نەوەک دابەشبوونی نێوان پارتەکان، کلیلی چارەسەرکردنی ئەم بنبەستە درێژبووەوەیە."
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گەشبینیی خۆی نیشاندا و رایگەیاند، "هیچ گومانم لەوەدا نییە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەتوانن حکومەتێکی لێهاتوو پێکبهێنن کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق کار بکات."
18ی تشرینى یەکەم، دەنگدانى تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کرا. 21ی تشرینى یەکەم ئەنجامى بەرایی و 30ی هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان راگەیێندرا. پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی 7 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان 1 کورسییان بەدەستهێنا.
نێردەی یونامی تیشکی خستە سەر گرنگیی پەیوەندییەکی تەندروست لەنێوان هەولێر و بەغدا و گوتی، "دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە پەیوەندیی بەغدا و هەولێر هاوبەشییەکە و پێویستی بە دیالۆگی بەردەوام و پێکەوە کارکردنە، کە پشت بە دەستووری عێراق ببەستێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر هەر پرسێکی هەڵپەسێردراو لەنێوانیاندا چارەسەر بکات."
ئەم دانیشتنە لە کاتێکدایە، 28-05-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو، "وەزارەت ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەهۆی تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."
رۆژی 29-05-2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بە زمانی عەرەبی وەک وەڵامێک بۆ تەیف سامی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتیەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی."
هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق
سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوە دەچێت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گوتی، "کۆمیسیۆن پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە و پابەندە بەوەی هەموو توانایەکی بخاتەگەڕ بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی ئازاد، پاک و بێگەرد."
هەروەها ئەوەی خستەڕوو، "یونامی درێخی ناکات لە پێشکێشکردنی پڕۆفیشناڵترین پشتیوانیی تەکنیکی بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، لەوانەش هەوڵەکان بۆ هاندانی بەرفراوانترین بەشداریی ژن، گەنج و کەمینەکان."
دۆخی کوردانی ئێزدی و ئاوارەکان
محەممەد حەسان ئاماژەی بە دۆخی ئاوارەکانی عێراق کرد و گوتی، "سەتان هەزار کەس لە عێراق لە ئاوارەیی ماونەتەوە، لەنێویاندا 100 هەزار ئێزدیی خەڵکی شنگال."
نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێک لە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی حکومەتی عێراقی بە گرنگ ناوبرد و گوتی، "حکومەتی عێراق قەرەبووی بۆ رزگاربووانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە دابین کردووە،" بڕیاری حکومەتیشی بۆ تاپۆکردنی زەویوزار بەناوی کوردانی ئێزدییەوە بە "دەستکەوتێکی گرنگ" ناوبرد.
محەممەد حەسان ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق لە بواری تەواوکردنی پڕۆژەیاسای مافی کەمینەکان و پەسندکردنی ستراتیژی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گوتاری کینە، پێشکەوتنی بەدەستهێناوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پێیوابوو هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێت و گوتی، "دروستکردنی دۆخێکی گونجاو بۆ ئاوارە گەڕاوەکان پێویستی بە رێکاری زیاتری یەکگرتوویی سیاسی، کارگێڕی و ئەمنی هەیە."
حەسان داوای کرد کۆتایی بەو "ستەمە "بهێندرێت بەسەر کوردانی ئێزدیدا هاتووە، "پێویستە گەڕانەوەیان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ناوچەکانیان بە شکۆ و سەربەرزییەوە مسۆگەر بکرێت."
مافەکانی مرۆڤ و چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان
محەممەد حەسان پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤی بە "کرۆکی سەقامگیری و گەشەپێدانی عێراق" ناوبرد، ئاماژەی بە پێشکەوتن لە پڕۆژەیاسای مافی کەمینەکان و ستراتیژییەتی بەرەنگاربوونەوەی گوتاری کینەئامێز کرد.
یەکێک لەو دۆسیانەی بە "گرنگترین" ناویبرد، "دۆسیەی بێسەروشوێنکراوان و ئەو کەسانەیە کە بەبێ دادگاییکردنی یاسایی و دادپەروەرانە و شەفافییەت لە زینداندان." محەممەد حەسان گوتی، "متمانەیەکی زۆرمان بە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق هەیە و هیوادارین هەموو ئەم بابەتانە بەپێی یاسا چارەسەر بکرێن."
پەیوەندییەکانی عێراق و کوێت
سەبارەت بە دۆسیەی هاووڵاتییە بێسەروشوێنکراوەکانی کوێت، محەممەد حەسان داوای کرد هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی رووفاتی 300 هاووڵاتیی کوێتی دوو بەرامبەر بکرێن و کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی ئەرشیڤی نیشتمانیی کوێت خێراتر بکرێت.
نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جەختی کردەوە، "دەوڵەتی کوێت قوربانیی داگیرکاری بووە؛ بۆئەوەی بتوانین لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە، دەبێت پێکەوە و بە جیدی کار بکەین بۆ بنیاتنانەوەی متمانە، دوور لە هەر بەسیاسیکردنێک."
دیدگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داهاتووی عێراق
لە کۆتاییدا، محەممەد حەسان دیدگەی خۆی بۆ ئاییندەی عێراق خستەڕوو و گوتی، "عێراقی داهاتوو دەبێت لە نێوخۆیدا و لەگەڵ دراوسێکانی لە سازان و تەباییدا بێت. عێراق دەتوانێت ئەمە لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری بۆ هەمووان بکات."
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان متمانەی خۆی بە "خۆڕاگریی گەلی عێراق و سەرکردەکانی" دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "بە کارکردنی پێکەوەیی، عێراقییەکان دەتوانن بەردەوام بن لە هەنگاونانی مانادار بەرەو سەقامگیریی زیاتر، خۆشگوزەرانیی زیاتر و مافی مرۆڤ بۆ هەمووان."
سەبارەت بە داهاتووی نێردەی یۆنامی، محەممەد حەسان ئاماژەی بەوە کرد، "ئۆفیسەکانمان لە موسڵ و کەرکووک داخستوون، تەنیا 6 مانگی دیکە لە کارکردنی نێردەی یۆنامی لە عێراق ماوە، ئێستاش کار دەکەین لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەرەکانمان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ