رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەشە، هەردوولا رژدن دۆسیەکان بە دانوستاندنی بنیادنەرانە چارەسەر بکەن.
عەباس کازم عوبێد، باڵیۆزی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سێشەممە 10ی حوزەیرانی 2025 لە گوتەیەکدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە دۆخی عێراق، ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و گوتی، "پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵی لە عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەسەر بنەمای دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەشە. هەردوولا رژدن لەسەر چارەسەرکردنی دۆسیەکان لە رێگەی دانوستاندنی بنیادنەرانە، کە لەسەر بنەمای پابەندبوون بە دەستوور بنیادنرابێت، ئەوەش بەشدار دەبێت لە سەقامگیریی نیشتمانی و بەرژەوەندیی سەرجەم هاووڵاتییانیش بەدیدەهێنێت لە چوارچێوەی دەستوور و یەکگرتوویی وڵاتدا."
باڵیۆزی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان تیشکی خستەسەر دۆسیەی ئاوارەکان و کوردانی ئێزدی و گوتی، "حکومەتی عێراق گەڕانەوەی ئاوارە و داخستنی کەمپەکانی لە پێشینەی کارەکانی خۆی داناوە، بەرنامەی نیشتمانی و پلانی داناوە و بودجەی بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بێ جیاکاری دابین کردووە، لەنێویاندا کارکردن بۆ جێبەجێکردنی یاسای رزگاربووانی ژنانی ئێزدی و قەرەبووکردنەوەیان، لەگەڵ دابینکردنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی بۆ زیانبەرکەوتووان."
بە گوتەی عەباس کازم عوبێد، "نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی ئەو پێشکەوتنەی کردووە لە عێراق بەدەستهاتووە. عێراق ئاسۆی نوێی گەشەی ئابووری و وەبەرهێنانی لەپێشە و کاریش دەکات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی گەورە، وەکو بەستنەوەی کارەبا بە تورکیا و پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان."
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. باڵیۆزی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتێکە بۆ گەل تاوەکو نوێنەرانی خۆیان لە پەرلەمان هەڵبژێرن."
لەبارەی رۆڵی عێراق لە ناوچەکە و لەسەر سەکۆی جیهان، عەباس کازم عوبێد دەڵێت، "حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات بۆ لێکنزیککردنەوەی بۆچوونی وڵاتە جیاوازەکان." گوتیشی، "عێراق نەرمیی سیاسی و دیپلۆماسیی لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی کاتیی سووریا نیشانداوە و پێشوازیی لە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان لەسەر سووریا کردووە، ئەمەش لەبەر پەیوەندیی نێوان هەردوو گەلی برادەر."
ئەو دیپلۆماتە عێراقییە ئاماژەی بە سیاسەتی دەرەوەی عێراق کرد و ئەوەی خستەڕوو، "عێراق پابەندە بە پشتگیریکردنی چوارچێوە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئاڵۆزەکان. وڵاتەکەمان خۆی لە چوونە نێو هەر ململانێیەکی هەرێمی بەدوورگرتووە و سیاسەتی هێورکردنەوە و گفتوگۆی گرتووەتەبەر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ