ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق داوا لە وەزارەتى دەرەوە دەکات سەلوان مۆمیکا بگەڕێنێتەوە

10-07-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق، بە فەرمى داوا لە وەزارەتى دەرەوە دەکات بە رێگە دیپلۆماسییەکان سەلوان مۆمیکا، پەنابەری عێراقى لە سوێدەوە بگەڕێنێتەوە کە پێشتر لەو وڵاتە قورئانى پیرۆزى سووتاند.
 
بەگوێرەى نووسراوەکە، کە 9ى تەممووز لەلایەن ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرییەوە ئاراستەى وەزارەتى دەرەوە کراوە، هاوپێچ فەرمانى دەستگیرکردنى سەلوان مۆمیکا بە هەردوو زمانى عەرەبی و ئینگلیزى  نێردراوە بۆ ئەو وەزارەتە.
 
رۆژی 28ی حوزەیرانى رابردوو، سەلوان مۆمیکا، کە پەنابەرێکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقییە لە سوێد، لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەوەش ناڕەزایەتى لە عێراق و جیهاندا لێکەوتەوە.
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق داواى لە وەزارەتى دەرەوەی عێراق کردووە بە رێگە دیپلۆماسییەکان و لە رێگەى دەسەڵاتى دادوەریی سوێدەوە سەلوان مۆمیکا بگەڕێننەوە و بە زووترین کات لە رێوشوێنەکانیان ئاگاداریان بکەنەوە.
 
رۆژی 29ى حوزەیرانى 2023 ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە فەرمانى فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنەکە رێوشوێنى یاسایی لە دژى ئەو کەسە دەگیرێتەبەر، کە لە سوێد قورئانى پیرۆزى سووتاند.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە