رووداو دیجیتاڵ
بڵاوکراوەی Forbes لیستی ناوی 50 ئافرەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بڵاوکردەوە ، کە خاوەنی هێمای بازرگانیی خۆیانن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سێ لەو ئافرەتانە عێراقین، یەکێکیان لەبواری جلوبەرگ و مۆدە و دووەکەی دیکەیان لەبواری کەرەستەکانی جوانکاری هێمای بازرگانیی خۆیانیان هەیە.
گۆڤاری Forbes کە گۆڤارێکی ئەمریکییە و بایەخ بە بازرگانی و پارە لە جیهاندا دەدات، لە نوێترین لیستی تایبەت بە ئافرەتانی خاوەنکار، لیستی 50 ئافرەتی بڵاوکردەوە کە توانیویانە ببنە خاوەن هێمای بازرگانی خۆیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لیستەکە ئافرەتی 21 وڵاتی تێدایە؛ ئافرەتانی میسر لە پلەی یەکەمی لیستەکە دێن، دواتر لوبنانییەکان و سعودییەکان.
سێ لەو ئافرەتانەی لە لیستەکەدا ناویان هاتووە، بە رەچەڵەک عێراقین، ئەوانیش هودا قەتتان، مونا قەتتان و زینە زەکیین.
یەکەمی لیستەکە هودا قەتتانە، ئافرەتێکی بە رەچەڵەک عێراقییە، "Huda Beauty" هێما بازرگانییەکەیەتی، بارەگای سەرەکیی لە ئیماراتە و لەساڵی 2013ـەوە دامەزراوە، هێما بازرگانییەکە بریتییە لە کڕینی کەرەستەکانی جوانکاریی وەکو کرێمەکانی پێست و دەموچاو و کەرەستەی جوانکاری، 140 جۆر کەرەستەی جوانکاریی هەیە، ساڵانە بایی 200 ملیۆن دۆلار فرۆشی هەیە، سەرمایەکەی لە ئایاری ئەمساڵ 400 ملیۆن دۆلار بووە.
مونا قەتتان، هاوبەشیی بازرگانی (Huda Beauty) و (Kayali)ـە کە تایبەتن بە کەرەستەی جوانکاری، لەساڵانی 2018 و 2013 دایمەزراندوون و بارەگای سەرەکییان لە ئیماراتە، چەندین جۆر بۆن و کەرەستەی تایبەت بەخۆی هەیە.
زینە زەکی، ریزبەندی 16یەمی هەیە، تایبەتمەندێتی لەبواری مۆدە و جلوبەرگدا هەیە، خاوەنی براندی Zeena Zakiye کە بارەگای سەرەکیی لە ئیماراتە و لەساڵی 2003ـەوە هێمای بازرگانییەکەی دامەزراندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ