رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هیچ لایەنێک بە فەرمی داوای لێنەکردوون جارێکی دیکە دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پەرلەمان بکرێتەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی تەممووزی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تائێستا هیچ لایەنێک بە نووسراوی فەرمی داوای لە کۆمیسیۆن نەکردووە جارێکی دیکە دەرگای خۆبەربژێرکردن بکرێتەوە."
هاوکات گوتەبێژی کۆمیسیۆن هۆشداریی دا کە نابێت بەربژێرەکان پێش وادەی دیاریکراو بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، وەک نیازپاکییەک، هاوپەیمانییەکەیان بەشێوەی زارەکی و نەک بە نووسراوی فەرمی، پرسیاری لە کۆمیسیۆن کردووە ئایا دەکرێت دەرگەی خۆبەربژێرکردن بکرێتەوە.
دەرگەی خۆبەربژێرکردن لە 25ـی مانگی ئایار کرایەوە و 26ـی حوزەیران دوا وادە بوو بۆ پێشکێشکردنی بەربژێری هاوپەیمانی و پارتەکان.
گوتەبێژی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا جەختی لەوە کردەوە، دەوڵەتی یاسا ناتوانێت یاسا پێشێل بکات، بەڵام ئەمە پەیامێکی ئەرێنییە بۆ رەوتی سەدر و لایەنەکانی دیکە، تاوەکو جارێکی دیکە بگەڕێنەوە نێو پرۆسەی سیاسی و بەشداریی هەڵبژاردن بکەن.
بە گوتەی عەقیل فەتلاوی، "ئەگەر لێکتێگەیشتنێک بۆ بەشداریکردنی رەوتی سەدر لە هەڵبژاردن هەبووایە، ئەوا چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و هەموو لایەنە سیاسییەکان، بە کوردیشەوە، داوایان دەکرد دەرگای خۆبەربژێرکردن بکرێتەوە و وادەکەی درێژبکرێتەوە."
رۆژی چوارشەممە، 9ـی تەممووز، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، نووسینێکی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردەوە.
موقتەدا سەدر نووسیویەتی، "لە ساڵانی رابردوودا ژەهرم خواردەوە و بەرگەی برینەکانم گرت کە لەسەر داوای سەرکردەکانی ئەو کاتە بڕیارمدا بێمەوە نێو کایەی سیاسی و هەڵبژاردن، بەو ئومێدەی بوونمان ببێتە پاڵنەرێک بۆ چاکسازی، بەڵام بەپێچەوانەوە، رەوتى گەندەڵی راماڵەر بووە و دەستگرتن بە پارووە چەورەکەوە هەبووە، مانەوەم لەگەڵ ئەو دۆخەدا وەک ئەوە بوو پشکۆیەکی ئاگرم لەدەستدا بێت".
ئەو هەڵوێستەی موقتەدا سەدر، ئاماژەیەک بوو بۆ پرسی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان کە بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەم بکرێت.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021، بە بەدەستهێنانی 73 کورسی پەرلەمانی عێراق بووە هێزی یەکەم، لە رۆژی 15ـی حوزەیرانی 2022، کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسیی راگەیاند و لەو کاتەوە جار جار داوای خۆپێشاندان و نوێژی یەکگرتوویی دەکات.
رۆژی 14ـى نیسانى 2023، موقتەدا سەدر هەژمارى تایبەتى خۆى لە تویتەر داخست و رایگەیاند، بۆ ماوەى ساڵێک رەوتەکەى سڕ دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ