فوئاد حوسێن و کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا دۆسیەى نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکەن

10-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی عێراق و کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، دۆسیەى نەوت لە نێوان بەغدا و هەولێر و دۆخى کۆمپانیا ئەمریکییەکانى ئەو کەرتەیان تاوتوێ کرد. فوئاد حوسێن جەختی لە گرنگیی گەیشتن بە چارەسەری واقیعی کردەوە کە بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانەی سامانی نیشتمانی مسۆگەر بکات.
 
کۆبوونەوەی نێوان فوئاد حوسێن و ستیڤن فەیگن، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 10ـی تەممووز، ئەنجامدرا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق کراوە، بەتایبەتی پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ تیشک خستنەسەر ئاڵنگارییە داراییەکان.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەردوولا باسیان لە دۆخی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە کردووە کە لە کەرتى نەوت لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێریان تاوتوێکردووە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئەو نەوتەی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەردەهێندرێت."
 
فوئاد حوسێن لەو کۆبوونەوەیەدا جەختی لە گرنگیی گەیشتن بە چارەسەریی واقیعی کردووەتەوە کە بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانەی سامانی نیشتمانی مسۆگەر بکات و بەرژەوەندیی گشتی بۆ عێراق بەدیبهێنێت.
 
رۆژی 8ـی تەممووز، لیژنەیەکی وەزاریی حکومەتی عێراق پێکهێنرا بۆ ئەوەی هەردوو رەشنووسی هەولێر و بەغدا سەبارەت بە داواکارییەکانیان لەسەر پرسی نەوت و مووچە یەکبخەنەوە. لیژنەکە تاوەکو ئێستا یەک کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە