فوئاد حوسێن: کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پێویستیان بە دیالۆگ و چارەسەری هەمیشەییە

10-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لە گرنگیی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن کردەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری هەمیشەیی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.
 
ئەو گوتانەی فوئاد حوسێن لە کۆبوونەوەیەکیدا بوو لەگەڵ محەممەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی تەممووزی 2025، ئەنجامدرا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە. فوئاد حوسێن جەختی کردووەتەوە کە "پێویستە لە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە بگەینە چارەسەری بەردەوام بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەشێوەیەک کە یەکڕیزیی نیشتمانی بەهێز بکات و خزمەت بە بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییان بکات."
 
رۆژی 8ـی تەممووز، لیژنەیەکی وەزاریی حکومەتی عێراق پێکهێنرا بۆ ئەوەی هەردوو رەشنووسی هەولێر و بەغدا سەبارەت بە داواکارییەکانیان لەسەر پرسی نەوت و مووچە یەکبخەنەوە. لیژنەکە تاوەکو ئێستا یەک کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، فوئاد حوسێن و محەممەد حەسسان، پێشهاتە سیاسییەکانی عێراقیان تاوتوێ کردووە، بەتایبەتی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەو ئاڵنگارییانەی رەنگە رووبەڕووی پرۆسەکە ببنەوە، لەگەڵ رێگەکانی چارەسەرکردنیان بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و روون کە گوزارشت لە ویستی دەنگدەرانی عێراق بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە