رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی هەینی، گرووپێک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەکو "نیازپاکی" چەک دابنێن. راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بە رووداوی گوت، شاندێکی دەزگای هەواڵگریی عێراق بەشداردەبن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ی تەممووزی 2025، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی شاندێکی باڵای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، وەکو نوێنەرایەتیی فەرمیی حکومەتی فیدراڵی، راسپێردراون کە بەشداری لە رێوڕەسمی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا بکەن."
بە گوێرەی سەرچاوەکانی رووداو، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە رێکخراوەکان، کەسایەتیی سیاسیی و رۆشنبیران بانگهێشتی رێوڕەسمەکە کراون.
سەرچاوەیەک بە رووداوی گوت: "پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو لەو لایەنە سەرەکییانەن، کە بۆ رێوڕەسمەکەی سبەی بە فەرمی لەلایەن کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)وە بانگهێشت کراون".
رووداو زانیویەتی، شاندێک لە ئەورووپا و ئەمریکاشەوە، کە زیاتر لە 30 کەس لە پەرلەمانتار، کەسانی ئەکادیمی، سیاسی بەشداری دەکەن و بەشێکیان گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان.
01ـی مانگی 10ـی پار، دەوڵەتی تورکیا دەستپێشخەرییەکی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا راگەیاند، پرۆسەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ناوی لێنراوە " پرۆسەی نەهێشتنی تیرۆر" و لەلایەن پەکەکەوە بە " پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتی" ناودەبرێت.
دوای چەند سەردانێکی شاندی دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی، رێبەری پەکەکە لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
لەسەر ئەو داوایەی ئۆجەلان، پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی ئایار 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ