رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لێدوانی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتیی دەرەوەی ئێران رەتدەکاتەوە و بە 'دەستوەردانێکی روون' لە کاروباری نێوخۆی عێراق ناوی دەبات.
رۆژی 10-11- 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە میدیا ئێرانییەکان بڵاویانکردەوە، رایگەیاند: "هەڵبژاردنەکانی عێراق وێستگەیەکی چارەنووسسازن بۆ دیاریکردنی داهاتووی گەلی عێراق."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەر ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا سەرسوڕمانی خۆی لەم لێدوانە دەربڕی و رایگەیاند: "بە دەنگدان و دەستوەردانێکی روون و رەتکراوە لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا دەیبینێت، چونکە پرۆسەی هەڵبژاردن بە پرسێکی نیشتمانیی پاک و بێگەرد دادەنرێت و تەنیا لەژێر ئیرادەی گەلی عێراق و دامەزراوە دەستوورییەکانی دایە".
وەزارەتەکە دووپاتی دەکاتەوە عێراق پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێکانی هەیە، کە لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش لە سەروەری و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان بنیات نراوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دا هاتووە، پاراستنی دراوسێیەتی باش پێویستی بە پابەندبوونێکی ورد بەم بنەمایانە هەیە و خۆدوورگرتن لە هەر لێدوان یان هەڵوێستێک، کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە سەروەری عێراق، یان دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆییدا.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دابوو، "هەر دەستوەردانێکی بیانی لەم پرۆسەیەدا لەلایەن تاران و گەلی عێراق و وڵاتانی بەرپرسیار لە ناوچەکەدا رەتکراوە و سەرکۆنە کراوە. ئەزموونەکانی پێشوو ئەوەیان سەلماندووە، کە هەموو دەستوەردانێکی ئەمریکا لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا، ئەنجامێکی نەرێنی لەسەر ئاشتی و سەقامگیری لەو وڵاتانە و تەواوی ناوچەکەدا هەبووە."
ئیسماعیل بەقایی گوتیشی، وڵاتەکەی هیوادارە هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە شێوەیەک بەڕێوەبچن، کە بەرژەوەندیی گەلی عێراق بەدیبهێنن و بەشداربێ لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ