رووداو دیجیتاڵ
سندووقى گەڕاندنەوەى پارەکانى عێراق دەروازەیەکى ئەلیکترۆنى دەخاتەکار بۆ ئەوەى هاووڵاتییان لە رێگەیەوە بتوانن زانیارى لەسەر ئەو پارانەی عێراق بدەن، کە بەهۆى بەقاچاخبردن و بەرنامەى نەوت بەرامبەر بە خۆراک، بەشێوەى ناڕەوا لەلایەن هاووڵاتییانى بیانییەوە براون، پاداشتەکەشى دەگاتە پێنج ملیۆن دۆلار.
رۆژی 10ـی کانوونى دووەمى 2024، سندووقى گەڕاندنەوەى پارەکانى عێراق لەراگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دەروازەى ئەلیکترۆنى خستووەتە کار بۆ وەرگرتنى داواکاریى ئەو هاووڵاتییانەی خوازیارى هاوکاریکردنن بۆ گەڕاندنەوەى ئەو پارانەى مافى عێراقن و لە دەرەوەى وڵاتەکەدان.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە؛ هاووڵاتیان لە دەرەوە و ناوەوەى عێراق دەتوانن لە رێگەى ئەو دەروازە ئەلیکترۆنییەوە زانیارییان پێ بدەن لەبارەى ئەو پارە و هەژمارە بانکیانەى موڵکى دەوڵەتى عێراقن و کەسانێکى بیانى بەشێوەیەکى "ناڕەوا" دەستیان کەوتوون، ئەویش بەهۆى خراپ بەکارهێنانى بەرنامەى نەوت بەرامبەر بە خۆراک یان ئابڵۆقەى ئابوورى، زیانگەیاندن بە ئابووریى عێراق، بەقاچاخبردن و قۆستنەوەى سزا نێودەوڵەتییەکانى پێشوو لەسەر عێراق.
بەرنامەى نەوت بەرامبەر بە خۆراک بەگوێرەى بڕیارى 986ـی ساڵى 1995ـی ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى دەرکرا، بەگوێرەى بڕیارەکە؛ رێگە بە عێراق دەدرا بەشێک لە نەوتەکەى هەناردە بکات، بەرامبەر بە هاوردەکردنى خۆراک لە دواى ئەوەى لە ساڵى 1990 بەهۆى داگیرکردنى کوەیتەوە، ئابڵۆقەى ئابووریى خرایە سەر.
رێکارەکانى سندووقى گەڕاندنەوەى پارەکانى عێراق بۆ ئەو دەروازە ئەلیکترۆنییە لەسەر بنەماى یاسای دامەزراندنى ئەو سندووقەیە، کە لە ساڵى 2021 لە پەرمانى عێراقەوە پەسندکرا.
بەگوێرەى ئەو یاسایە، پاداشتى هاووڵاتییان بەرامبەر بە زانیاریدان لە بارەى پارەکانى عێراق لە دەرەوە 10% بۆ 25%ـی ئەو پارانە دەبێت کە زانیارییان لەبارەوە دەدرێت، بەڵام نابێت پاداشتەکە لە پێنج ملیۆن دۆلار تێپەڕبێت.
ئەو دەروازە ئەلیکترۆنییە لەسەر ماڵپەڕى فەرمیی سندووقى گەڕاندنەوەى پارەکانى عێراقە (www.ifar.gov.iq).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ