رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، ئەنجامی تانەکان بڕیارى ژماردنەوەى سندووقى دەنگدانیان تێدا نییە و لە دوو رۆژى داهاتوودا یەکلا دەکرێنەوە و ئەنجامى کۆتایی پەسند دەکرێت.
حەسەن هادى، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەو 80 تانەیەى دژ بە ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لەلایەن دەستەى دادوەریى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ ئەنجوومەنى کۆمیسیاران، هیچیان بڕیارى ئەوەى تێدا نییە کە سندووقى دەنگدان بژمێردرێنەوە.
28ـی کانوونى یەکەمى 2023، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى بڵاوکردەوە، لە 29ـی کانوونى یەکەمەوە بۆ ماوەى سێ رۆژ دەرگاى تانەدان لەو ئەنجامانە کرایەوە.
329 تانە لە ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دراون و لەلایەن دەستەى دادوەریى کۆمیسیۆنەوە وردبینییان بۆ دەکرێت، ئەنجامى 80 تانەیان گەڕێندراونەتەوە بۆ ئەنجوومەنى کۆمیسیاران.
حەسەن هادى گوتیشى، "لە دوو رۆژى داهاتوودا یەکلاکردنەوەى سەرجەم تانەکان کۆتاییان دێت و ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان پەسەند دەکرێن".
بەگوێرەى بڕگەى 3 لە مادەى 20ـی یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، دەبێت دەستەى دادوەریى کۆمیسیۆن لە ماوەى 10 رۆژ لە داخستنى دەرگاى تانەکان، وەڵامى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بداتەوە لەبارەى ئەو تانانەوە کە پێشکێشکراون.
18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق دوای 10 ساڵ و لە کەرکووکیش دوای 18 ساڵ ئەنجامدرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ