وەزیری بەرگریی عێراق: 42 بارهەڵگر هاوکارییمان رەوانەی سووریا کردووە

11-02-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی عێراق شەوی رابردوو رایگەیاند، وەزارەتی بەرگریی عێراق 42 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی و فریاگوزاری رەوانەی سووریا کردووە.
 
وەزیری بەرگریی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، پێشتریش وەزارەتی بەرگریی عێراق 24 گەشتی ئاسمانی ئەنجامداوە بەمەبەستی گواستنەوەی هاوکاری و گەڕاندنەوەی ئەو خێزانە عێراقییانەی کە بوومەلەرزەکەی رۆژئاوای کوردستان، باکووری کوردستان، تورکیا و سووریا کاریگەری لەسەریان هەبووە.
 
هەر لەوبارەوە، کەریم سەیید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 27 ئۆتۆمبێلی هاوکاری و فریاگوزاریی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بەرەو سووریا بەڕێدەکەوێن. 
 
رۆژی 08-02-2023ش لوما هاشم موسەوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بازرگانیی خۆراکی عێراق رایگەیاند: "وەزارەتی بازرگانی دەستیکردووە بە ناردنی کاروانێکی ماددە خۆراکییەکان، وەک هاوکارییەک بۆ گەلی سووریا". 
 
ئەو بارخۆراکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رۆژی چوارشەممە رەوانەی سووریای کرد 650 تۆن بوو کە پێکهاتبوو لە برنج، شەکر، رۆنی شڵ و پاقلەمەنی.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردوودا بڕیاریدا سێ ملیار دینار تەرخان بکرێت بۆ هاوکاریکردنی زیانێکەوتووانی بوومەلەزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا. هاوکارییەکانیش لە رێگەی مانگی سووری عێراقییەوە دابەش دەکرێن. 
 
بە گوتەی بەرپرسانی عێراق؛ ناردنی هاوکارییەکان بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان لە رێگەی وشکانی و ئاسمانی بەردەوام دەبن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە