بازرگانێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان سزا دەدرێت

11-03-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەى تاوانەکانى بابل سێ بازرگانی مادەى هۆشبەرى بە لەسێدارەدان سزا دا کە یەکێکیان بیانییە. لە پارێزگای سەلاحەدینیش، خەزنەدارێک بە سێ ساڵ بەندکردن سزا دراوە بەتۆمەتى بردنى دەرمان. 

بازرگانێکى بیانى سزاى لەسێدارەدان دەدرێت   
 
11ـی ئادارى 2024، دادگەى تاوانەکانى بابل سێ بازرگانی مادەى هۆشبەرى بە لەسێدارەدان سزا دا کە بەگوێرەى راگەیێندراوێکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، ئەو سێ بازرگانە یەکێکیان بیانى بووە و ئەندامى تۆڕێکى بیانى بازرگانیى مادەى هۆشبەر بووە. 
 
لەکاتى دەستگیرکردنى ئەو سێ کەسەدا، 100 هەزار دەنکە حەبی جۆرى مەسیل ئەمڤیتامین-یان پێبووە کە حەبێکى هۆشبەرە.
 
دادگەى تاوانەکان لە شارى کەربەلا لە دۆسیەیەکى هاوشێوەدا تۆمەتبارێکى بە شەش ساڵ بەندکردن سزا دا، کە 170 گرام مادەى هۆشبەرى پێبووە.   
 
خەزنەدارێک هەشت هەزار پاکەت حەب دەبات 
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق ریگەیاند، دادگەى تاوانى سەلاحەدین خەزنەدارێکی فەرمانگەى تەندروستیی شارەکەی بەتۆمەتى بردنى دەرمان بە سێ ساڵ بەندکردن سزا داوە. 
 
ئەو تۆمەتبارە هەشت هەزار و 25 پاکەت دەرمانى جۆرى کلیکسانى دروستکراوى فەرەنسای بردووە، کە ئەو دەرمانە بۆ رێگرییە لە مەیینى خوێن و جەڵتەى مێشک.
 
بە 50 دراوى دێرینەوە دەستگیرکران    
 
وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەستگیرکردنى باندێکى رایگەیاند کە پارچە شوێنەوارییان بە قاچاخ بردووە و دەیان دراوى مێژووییان پێبووە. 
 
11ـی ئادارى 2024، میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق راگەیاند، لەسەر بنەماى زانیاریى دەزگاى هەواڵگریى نیشتیمانى، پۆلیسی پارێزگاى واست باندێکیان دەستگیردووە کە پارچە شوێنەواری مێژووییان بە قاچاخ بردووە.
 
میقداد میرى کە هاوکات گوتەبێژى شانەى راگەیاندنى ئەمنییە دەڵێت: لەکاتى دەستگیرکردنى ئەو باندەدا دەستنووسی مێژوویی و 50 دراوى کۆنیان پێبووە. 
 
بەگوێرەى یاسا کارپێکراوەکانی عێراق، سزاى ئەو کەسەى بازرگانى بە شوێنەوارەوە دەکات و بەقاچاخ دەیباتە دەرەوە، دەگاتە 10 ساڵ بەندکردن و پێبژاردن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە