رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دەسەڵاتی دایە وەزیری داد، بۆ ئەوەی دانوستاندن و واژۆی رێککەوتنی هاوکاری لەگەڵ هۆڵەندا بکات بۆ گواستنەوەی زیندانییان.
رۆژی دووشەممە 10-06-2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و ژمارەیەک بڕیاری پەسند و دەرکرد. لەوانە پەسندکردنی راسپاردەی دەستەی باڵای هاوئاهەنگی نێوان پارێزگاکان سەبارەت بە دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست بۆ کاری پاسەوانی ناوچە شوێنەوارییەکان، کە دەبێ خەڵکانی هەمان پارێزگا بن.
دامەزراندنەکە بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە دەبێت: کەرکووک 100 پلەی دامەزراندن، نەینەوا 250، دیالە 75، سەلاحەدین 75، واست 75، بەغدا 100، بابل 150، زیقار 150، مەیسان 75، دیوانیە 75، ئەنبار 50، نەجەف 75، کەربەلا 75، موسەننا 100 و بەسرە 100 پلەی دامەزراندن.
ئەنجوومەن رەزامەندی دەربڕی هەڵاوێردن بۆ کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی بکرێت لە رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە (2023-2024-2025) بۆ کڕینی کەرەستە و پێویستییەکانی هاوکاریی کەرتی غەززە.
ئەنجوومەنەکە، شەشەمین راپۆرتی ساڵانەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆری ساڵی 2023ی پەسند کرد، کە لەلایەن پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقەوە لە کۆبوونەوەکە خرایەڕوو.
بۆ پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی و جێبەجێکردنی داواکاری بازاڕی ناوخۆیی لەبارەی کەرەستەکانی بیناسازی، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا 20٪ گومرگ زیاد بکات بۆ هەر یەکەیەکی پێوانەی بەرهەمی هاوردەکراوی شیشی خانوو 10-32 ملم بۆ ماوەی چوار ساڵ، بڕیارەکە لە 3ی تشرینی یەکەمی 2024 جێبەجێدەکرێ.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا پارچە زەوییەکی 200 مەتری بدرێتە کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکەی بەردەم قوتابخانەیەکی قەزای هاریسە لە پارێزگای بەسرە.
لە کاتی تەوابوونی دەوامی قوتابخانە، ئێوارەی رۆژی 02-04-2024 بارهەڵگرێک خۆی بەنێو قوتابییەکاندا کێشە، بەهۆیەوە شەش قوتابی گیانیان لەدەستدا و یانزەی دیکە بریندار بوون.
ئەنجوومەنی وەزیران، دەسەڵاتی دایە وەزیری دادی عێراق، بۆ ئەوەی دانوستاندن و واژۆی پرۆژەی رێککەوتنی هاوکاری نێوان عێراق و هۆڵەندا بکات لەبواری گواستنەوەی ئەو کەسانەی بە زیندانی سزادراون.
لە بڕیارەکە هیچ روونکردنەوەیەک نەدراوە ئایا زیندانیانی عێراقی لە هۆڵەنداوە دەگوازرێنەوە یاخود ئەو داعشانەن کە وڵاتینامەی هۆڵەندایان هەیە و لە عێراق دەستگیرکراون و دەگەڕێنرێنەوە هۆڵەندا.
ئەنجوومەنی وەزیران، زیادکردنی مووچەی خانەنشینیی کرێکارانی بە بڕێک لە 150 هەزار دینار زیاتر نەبێت، بۆ ئەو کەسانەی کە مووچەکانیان ناگاتە 700 هەزار دینار، پەسندکرد. بڕیارەکە خانەنشینانی خزمەت و پەککەوتەش دەگرێتەوە.
یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی عێراقە کە پەرلەمانی عێراق پەسندی کردووە، بەڵام ئەو یاسایە دەبێت بێتە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام ئێستا پەرلەمانمان نییە".
لە هەرێمی کوردستان کار بە یاسای خانەنشینیی ساڵی 2012 دەکرێت. بەگوتەی یوسف کەریم، ژمارەی ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان لە کاتی جێبەجێکردنی یاساکە ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە نزیکەی هەزار کەس دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ