پارێزگاری بەسرە سکاڵاکەی لە دژی عەوەزی کشاندەوە

11-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە وازی لە سکاڵا یاساییەکەی لەسەر عەبدولغەفار عەوەزی هێنا. عەبدولغەفار عەوەزی یەکێک لە کەسە دیارەکانی خۆپیشاندانەکانی پارێزگاکەیە کە ناڕەزایەتییان بەرامبەر کەمیی خزمەتگوزاری لە بەسرە دەربڕیبوو، بەتایبەتی کەمیی ئاوی پاک.
 
ئەم وازهێنانە بووە هۆی نەهێشتنی توڕەییەکان لە پارێزگاکە، بەتایبەتی دوای ئەوەی دانیشتووانی باکووری بەسرە هەڕەشەی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان دژی بانگهێشتکردنی عەبدولغەفار عەوەزی بۆ دادگە کرد. 
 
مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نووسینگەکەیان "دەستخۆشی لە هەڵوێستی خەڵکی قەزاکانی سادق، مەدینە، زوبێر، ئەبولخەسیب، شەتولعەرەب، دێر، فاو و شاری بەسرە دەکات بۆ داواکردنی کەمترین مافە بنەڕەتییەکان" کە پێویستن.
 
مەهدی تەمیمی دەڵێت، پشتگیریی خۆیان بۆ داواکارییەکان دەردەبڕن کە لەگەڵ ئەو گەنجینە گەورەیەدا ناگونجێت لە پارێزگاکە هەن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا نزیکەی نیوەی دانیشتووانی پارێزگاکە بەدەست ئاوی پیس و نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی شایستەوە دەناڵێنن.
 
پێشتر دادگە، فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ عەوەزی دەرکردبوو، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی پەیوەستن بە "هاندان بۆ خۆپیشاندان دژی حکومەتی خۆجێیی"، لەسەر بنەمای سکاڵایەک کە لەلایەن دیوانی پارێزگای بەسرەوە پێشکێش کرابوو.
 
خۆپیشاندەران هەڕەشەی گرتنەبەری هەنگاوی تووندتریان کرد، لەوانەش مانگرتن، ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان وەڵامی داواکارییەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سکاڵاکە نەدەنەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە