ووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، لەسەر بنچینەی دوایین هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی ناوچەکە، بڕیاریان داوە قەبارەی نێردەکەیان لە عێراق کەم بکەنەوە. بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا چاودێریی "گرژییە زیادبووەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات".
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-6-2025 بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن گوت: "سەرۆک ترەمپ پابەندە بە پاراستنی سەلامەتیی ئەمریکییەکان، لە نێوخۆ و دەرەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پابەندییە، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی گونجاوی کارمەندەکانمان لە هەموو باڵیۆزخانەکان دەکەین".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، ئاماژەی بەوەشکرد: "لەسەر بنچینەی دوایین شیکارمان، بڕیارمان دا نێردەکەمان لە عێراق کەم بکەینەوە".
لە لایەکی دیکەوە دوو بەرپرسی ئەمریکا رایانگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان ئامادەکاری بۆ کشاندنەوەی ستافی ناپێویست لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەکات، ئەوەش بەهۆی ئەگەری زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە.
ئەو دوو بەرپرسە قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس کردووە.
بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی لەبارەی هەمان بابەت بە ئەسۆشیەتد پرێسی گوت، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی لە کشاندنەوەی ئەو ستافەدا رۆڵی هەبێت، ئەگەر پێویست بکات.
بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەزری راگەیاند: "وەزارەتی دەرەوە کشانەوەیەکی رێکخراو بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رێکدەخات. مەبەستەکە ئەوەیە ئەو کارە لە رێگەی گەشتی بازرگانییەوە بکات، بەڵام سوپای ئەمریکا لەسەر هێڵە، ئەگەر هاوکاری پێویست بوو".
کشاندنەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دۆخەکە تەنیا تایبەت نییە بە عێراق، بەڵکو چەند ناوچەیەکی دیکەش دەگرێتەوە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییانەی کە قسەیان بۆ ئەسۆشیەتد پرێس کردووە، ئاماژەیان بەوە کردووە، سوپای ئەمریکا لە بەحرێن و کوێت رێگەی بە "جێهێشتنی ئارەزوومەندانە"ـی خێزانی سەربازەکان داوە.
لەبارەی هەمان بابەت، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە رووداوی گوت: "سەلامەتی و ئاسایشی سەربازەکانمان و خێزانەکانیان وەک ئامانجی لەپێشینەمان دەمێنێتەوە".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا چاودێریی "گرژییە زیادبووەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات".
بەرپرسەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا باس لەوەش دەکات، سێنتکۆم لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، هاوپەیمان و هاوبەشەکانی ئەمریکا لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی هەر کاتێک "هەر ئەندامێکی نوێنەرایەتییەکانمان لە هەر ناوچەیەکی جیهان پێویستی بە یارمەتی بوو، یارمەتییەکە پێشکێش بکات".
ئێران هۆشداری دەداتە ئیسرائیل
تاوەکو ئێستا، پێنج گەڕی دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەچوون، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆ لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-6-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەو بارەیەوە قسەی کرد و گوتی، کەمتر لە جاران متمانەی هەیە بەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی واژۆ بکرێ.
بەشێک لە تێڕوانینەکان بەو جۆرەیە کە ئیسرائیل پلانی هەیە هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستیەی کە ئێران نایەوێ واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بێنێت، لە هەمان کاتیشدا هێزەکانی نزیک لە ئێران و نەیارەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا لاواز بوون.
30-5-2025 رۆیتەرز لە زاری چەندی بەرپرسێکی وڵاتانی کەنداو و ئێرانەوە بڵاویکردەوە، چوونی شازادە خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە بۆ ئێران لە نێوەڕاستی مانگی نیسان لەسەر داوای شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، پاشای سعودیە بووە بۆ ئەوەی پەیامێکی پڕ لە هۆشداری بداتە بەرپرسانی باڵای ئێران.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا شازادە خالید بە سەرکردەکانی ئێرانی راگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت بە خێرایی بگەنە رێککەوتن، بەڵام دەبێت ئاگاداریش بن کە دەرفەتە دیپلۆماسییەتەکە هێندە درێژە ناکێشێت.
بە گوێرەی دوو بەرپرسی وڵاتانی کەنداو، وەزیری بەرگریی سعودیە ئێرانییەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا باشترە لەوەی مەترسی هێرشی ئیسرائیلیان لەسەر بێت، کە چاوەڕوان دەکرێ لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستاندنی نێوان واشنتن و تاران رووبدات.
ئەمڕۆش بەرپرسێکی ئێرانی لەو بارەیەوە هۆشداری دا. محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران کە هاوکات جێگری سەرۆککۆماری وڵاتەکەیە، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە ''رەوابوون''ـی مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: ''لە ئەگەری هێرشی سەربازیی رژێمی زایۆنی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانمان، تاران بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئەوان دەکاتە ئامانج.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ