دادگەی فیدراڵی بۆ دوو سکاڵا لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

11-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە، سکاڵاکان لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون، ئەندامێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: " پێشبینی دەکەین دادگە لەبەرژەوەندیی سکاڵاکار بڕیاربدات."
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە رۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتوو، 18ـی تەمموزی 2023، دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی هەموارکراو کۆببێتەوە.
 
سکاڵای یەکەم ژمارە 83ـی فیدراڵی /2023ـی هەیە، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستانەوە تۆمارکراوە.
 
سکاڵاکە لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (خولی پێنجەم)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، تۆمارکراوە، تێیدا سکاڵاکار داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کردووە و داواکە لە رۆژی 11ـی مانگی رابردووەوە دواخراوە.
 
سکاڵای دووەم کە هەمان رۆژ دادگەکە بۆی دادەنیشێت، ژمارە 131/فیدراڵی/2023ی هەیە و لەلایەن ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیەوە تۆمارکراوە.
 
سکاڵاکە لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (خولی پێنجەم) کراوە و تێیدا داوا دەکات مادەی 36ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی هەموارکراو بە نادەستووری بزانێت، کە تایبەتە بە کورسیی کۆتای پێکهاتەکانی "کلدان ئاشوورییەکان و تورکمان و ئەرمەن لە هەرێمی کوردستان" . هەروەها داوا دەکات مادەی 9ـی هەمان یاسا بە نادەستووری بزانێت کە "هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی هەڵبژاردن" دەزانێت و دابەش دەبێت بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن.
 
رۆژی سێشەممە، 11-7-2023، عوسمان كەریم سوارە، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی، لەبارەی سکاڵاکەی فراکسیۆنەکەیانەوە، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:  "ئێمە سکاڵاکەمان لە دژی ژمارەیەک بڕگە و مادەی یاسای هەڵبژاردن تۆمارکردووە، بەتایبەت لە پرسی کۆتاکان کە پێمانوایە دەبێت نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت، جگە لە بازنەکانی هەڵبژاردنەکان کە ئێمە لەگەڵ فرە بازنەییداین، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەش."
 
عوسمان سوارە گوتیشی: "دەبێت لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان تایبەت بە هەڵبژاردن رێکبکەون، هەرچەندە پێموایە دادگە لەبەرژەوەندیی سکاڵاکار بڕیار دەدات."
 
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە یەكێتی سکاڵای لەسەر تۆمار کردوون، ئەمانەن:
 
مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
 
مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت.
 
مادەی پانزەیەم: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادەدەکرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
 
مادەی بیست و دوو: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت، 30٪ کەمتر نەبێت.
 
مادەی 36:
 
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان سریان ئاشووری تەرخاندەکرێت، بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
 
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێت، بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
 
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت، بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. 
 
رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەنادەستووری دانا و رایگەیاند؛ بەگوێرەی بڕیارەکە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە دراون (واتا دوای 6ـی 11ـی 2022)، بە پووچەڵ دەژمێردرێن، لەنێویاندا شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، کە بەپێی بڕیارەکە، پارتی دەیگوت کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، یەکێتیش رەتیکردەوە و ناکۆکیی لەنێوان هەردوولادا دروستکرد.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات.
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.