لە بەسرە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە گۆڕانکاری لە کاتی دەوامی فەرمانگەکاندا دەکرێت

11-07-2023
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کاتی دەوام لە دامودەزگەکانی پارێزگاکەدا گۆڕانکاری بەسەردا هات و لەمەودوا فەرمانبەران کاژێرێک زووتر دەچنە سەر کارەکانیان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ی تەممووزی 2023، عیماد عیدانی، بەرپرسی نووسینگەی پارێزگاری بەسرە رایگەیاند: "بە پشتبەستن بە رێنماییەکانی پارێزگاری بەسرە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە پارێزگای بەسرە، بڕیاردرا دەوامی فەرمی لە فەرمانگەکانی حکومەت لە حەوتی بەیانی تاوەکو یەکی دوای نیوەڕۆ بێت"، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر دەوامی فەرمانبەران لە کاژێر 8:00ی بەیانی تاوەکو 2:30ی دوای نیوەڕۆ بوو.
 
دکتور ئەحمەد مەلا، کە کارمەندی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەسرەیە بە تۆری میدیایی رووداوی گوت: "پلەی گەرما لە بەسرە بەردەوام بەرزدەبێتەوە، ئەمڕۆ لە سەرووی 50 پلەی سیلیزییە". ئەو کارمەندە گوتیشی: "خەڵکێکی زۆر رۆژانە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە روو لە نەخۆشخانەکان دەکەن، هەروەها هاتوچوو لە شارەکەدا زۆر کەمبووەتەوە، دەتوانین بڵێین تەنیا 40٪ی خەڵک لە دەرەوەن، ئەوانیش زیاتر ئەوانەن، کە دەوامیان هەیە".
 
عامر جابری، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى دەستەى کەشناسیی عێراق رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پلەکانی گەرما لە عێراق بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان، پێشبینی کرد لە چەند پارێزگەیەکی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بگاتە 51 پلەی سیلیزی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە