حەشدی شەعبی؛ دڵی دەسەڵات یان مێخی تابووتی دەوڵەت؟

11-08-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە بەغدا، تەنیا گەردەلوولی خۆڵ نییە کە ئاسمانی شارەکەی لێڵ کردووە؛ گەردەلوولێکی سیاسی هەڵیکردووە کە لەوانەیە بۆ دەیان ساڵی داهاتوو سیمای عێراق بگۆڕێت. لە دەروازەکانی شارەوە تا دەگاتە هۆڵی پەرلەمان و کۆڵانەکانی کەربەلا، یەک پرسیار لە ئارادایە: ئایا یاسای حەشدی شەعبی تێدەپەڕێت؟ ئەم یاسایە کە لایەنە شیعەکان بە "گەرەنتی مانەوەی دەوڵەت"ی دەزانن و نەیارەکانی بە "دروستکردنی دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا" ناوی دەبەن.
 
لەسەر ڕێگای بەغدا، لە دوای ئامرلی، دیمەنەکە لەوە گەورەترە کە دەبینرێت. گەنجانی شیعەمەزهەب بە جلی رەشەوە بەرەو کەربەلا دەڕۆن و سوپای عێراق دەیانپارێزێت. بەڵام لەنێو ئەم دیمەنەدا، ئاڵا نوێ و گەورەکانی حەشدی شەعبی، ئاڵای فەرمیی عێراقیان لەسەر هەمەرە سەربازییەکان بچووک کردووەتەوە. وەک ئەوەی پەیامێک بێت: ئیدی روونە کێ لە عێراق باڵادەستە. لێرە لە پەرلەمانی عێراق، کەشوھەوا کارەباییە. ململانێیەکە لە نێوان دوو بەرەدایە: بەرەیەک بە سەرکردایەتیی لایەنە شیعەکان پێداگیری لەسەر تێپەڕاندنی یاساکە دەکەن و بەرەیەکی دیکە، بە پشتیوانیی ئاشکرای ئەمریکا، دەیەوێت رێگری لێ دەکەن.
 
حەبیب حەلاوی، سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقوون کە نوێنەرایەتیی عەسائیبی ئەھلی حەق دەکات، بەبێ هیچ پێچوپەنایەک هەڕەشە دەکات و دەڵێت: "ئێمە بووین ئەمریکامان لە عێراق دەرکرد. یاسای حەشدی شەعبیش تێدەپەڕێت، لەسەر لووتی ئەمریکا تێدەپەڕێت."
 
کاتێک هیڤیدار ئەحمەد (پێشکێشکاری بەرنامەی هێشتا ماویەتیی تۆڕی میدیایی رووداو) لێی دەپرسێت، ئایا حەشد دەوڵەتە لەناو دەوڵەتدا، وەڵام دەداتەوە: "نەخێر، بەڵکو دەزگایەکی سەربازی، ئەمنی و هەواڵگریی روونە و فەرمان لە سەرۆکوەزیران وەردەگرێت."
 
ئەو دیدە تەنیا هی حەلاوی نییە. مەهدی ئامرلی، پەرلەمانتار و فەرماندەی پێشووی حەشد، هۆشداری دەدات و دەڵێت: ئەوەی لە سووریا روویدا و بە هەڵوەشاندنەوەی هێزە میللییەکان دەستی پێکرد، ئەمریکا دەیەوێت لە عێراق دووبارەی بکاتەوە.
 
ئەو دەڵێت: "ئەگەر ئەمریکییەکان عاقڵ بن، دەبێت بەرگری لە یاسای حەشد بکەن."
 
بۆ تێگەیشتن لە قوڵایی مەبەستەکان، ئەبو کەوسەر محەمەداوی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری بەبێ پێچ و پەنا: "باوەڕمان بە ئەمریکا و ئیسرائیل نییە، مەترسیی جدی لەسەر شیعە لە عێراق هەیە." کاتێک پرسیاری لێدەکەین ئایا حەشد گەرەنتیی مانەوەی دەسەڵاتی شیعەیە، بە ڕاشکاوی دەڵێت: "من دەڵێم حەشد گەرەنتیی ڕاستەقینەیە بۆ مانەوەی حکوومەتی عێراق." ئەبو جەعفەر شه‌بەکی، کە خۆی فەرماندەیەکی باڵای حەشد بووە، حەشد بە هێزێکی "عەقائیدی" ناودەبات و بەراوردی دەکات بە پێشمەرگە بۆ کوردستان و دەڵێت: "پشتڕاستم ئەگەر هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت، هەرێم[ی کوردستان] تووشی گرفت دەبێت، چونکە پێشمەرگە هێزێکی عەقائیدییە و باوەڕی بە قەزییەی کوردی هەیە."
 
لە بەرانبەردا، دەنگی ناڕازی بە ئاشکرا دەبیسترێت. دکتۆر موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بێ ترس دژایەتیی خۆی بۆ پڕۆژەکە رادەگەیێنێت و دەڵێت: "نابێت کێشەی تیرۆر بە کێشەیەکی دیکە چارەسەر بکەیت. کێشەکە ئەوەیە چەک بچێتە دەست گرووپ و حیزب و غەیری دەوڵەت."
 
ئەو پێی وایە ئەم یاسایە مەترسییە بۆ سەر "دەوڵەتسازی" و "دیموکراسی" و بەراوردی دەکات بە دۆخی پێشمەرگەی حیزبی و دەڵێت: "هەر چەکێک حیزبێک حوکمی لەسەر بێت، ئەو چەکە دژ بە دیموکراسی و سەقامگیرییە." دکتۆر موسەننا هۆشداری دەدات کە ئاسەواری ئەم یاسایە ئێستا دەرناکەوێت، "بەڵکو دوای 10 ساڵی دیکە دەردەکەوێت، کاتێک کۆلێژە سەربازییەکانی حەشد، ئەفسەر دەردەکەن و چەکی ستراتیژی دەکڕن و دەبنە دەزگایەکی کامڵ."
 
لە کەربەلا، هەوێنی شیعەگەری، شەقام هاوڕایە لەگەڵ سیاسییەکان. سەجاد مەحموود، هاووڵاتییەک، دەڵێت: "ئەوانەی داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشد دەکەن زکڕەشن. ئەگەر حەشد هەبێت، هیچ مەترسییەک لەسەر عێراق نییە." شەڕکەرێکی حەشدیش بە سادەیی دەڵێت: "ئێمە هەڵناوەشێینەوە، چونکە ئەمە عەقیدەیە. ئەوەی ئەمریکا دەیڵێت بۆ ئێمە گرنگ نییە."
 
لە نووسینگەی سیاسیی عەسائیبی ئەھلی حەق، سەلام ئەلجەزائیری، وێنە گەورەکە ئاشکرا دەکات. ئەو باس لە پەیامێکی مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی، دەکات و دەڵێت: "پەیامی سەید سیستانی ئەوەیە کە ئەوەی لە داهاتوودا رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە، زۆر مەترسیدارتر و دژوارترە لە شەڕی داعش."
 
ئەو پێی وایە پیلانگێڕییەک لە ئارادایە بۆ لێدانی عێراق و جەختدەکاتەوە: "رەنگە دوای چەند مانگێک ئیسرائیل خۆی ئامادە بکات بۆ لێدانی عێراق، بۆیە نایانەوێت ئەزموونی حەرەسی سەوریی ئێران لە عێراق دووبارە ببێتەوە."
 
لە ناوچەی سنەک و شۆرجە، لە دڵی بەغدا، خەڵک لە شەڕی پەیداکردنی بژێویدایە، بێ ئاگا لەوەی شەڕی راستەقینە لە هۆڵەکانی پەرلەمانە. شەڕێک کە ڕەنگە چارەنووسی دەوڵەت و دەسەڵات لە عێراق بۆ دەیان ساڵی داهاتوو دیاری بکات. ئەوەی باری هەڵگرتووە و ئەوەی چەکی هەڵگرتووە، چارەنووسیان بە یەکەوە گرێ دراوە؛ چارەنووسێک کە بە تێپەڕاندنی ئەم یاسایە، لەوانەیە ببێتە حوکمی حەشد بەسەر عێراقدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە