رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق سکاڵایەکى دیکە لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دژى حەوت بڕگە و یەک مادەى یاساى بودجەى گشتى تۆمار دەکات کە تایبەتن بە تەرخانکردنى پارە بۆ قەرەبووکردنەوەى جیاوازیی کارمەندانى حەشدی شەعبی، دابەشکاریی پڕۆژە، دامەزراندن بە گوێرەى رێژەى دانیشتووان و گواستنەوەى پارەى بودجە بۆ دروستکردنى فڕۆکەخانەى پارێزگاکان.
ئەمڕۆ دووشەممە 11ى ئەیلوولی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق یەکەم دانیشتنی دەبێت لەبارەى سکاڵایەک کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەسەر محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمان تۆماری کردووە دژى نۆ بڕگە و مادەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق.
هەندێک لە سکاڵاکان دژى چەند بڕگەیەکى مادەى 2ى یاساى بودجەن، کە تایبەتن بە سەرپشککردنى پارێزگار و سەرۆکى سندووقەکان بە ئەنجامدانى گرێبەستى راستەوخۆ بۆ ئەو پڕۆژانەى کە پارەکەیان تاوەکو شەش تریلیۆن دینار دەڕوات؛ هەروەها تەرخانکردنى 50%ى پڕۆژەکان بۆ قەزا و ناحیەکان بەگوێرەى رێژەى دانیشتووان؛ دەستەواژەى "بەگوێرەى ژمارەى دانیشتووان" کە لە سێ بڕگەى مادەى دوو و بڕگەیەکى مادەى 14ى یاسای بودجەدا هاتووە، کە تایبەتن بە دامەزراندنى 37100 پۆلیس بەگوێرەى ژمارەى دانیشتووانى پارێزگاکان.
هەروەها سوودانى تانەى لە بڕگەی یەکەمى مادەى 64ى یاساى بودجە داوە کە هەردوو وەزارەتى دارایی و پلاندانان و گواستنەوەی ناچار کردوون بەشێک لە پارەى خەرجیى وەبەرهێنان تەرخان بکەن بۆ بودجەى دەسەڵاتى فڕۆکەوانى بۆ تەواوکردنى فڕۆکەخانەکان لە پارێزگاکانى عێراق.
مادەى69ى یاساى بودجەى گشتى یەکێکى دیکەیە لەو مادانەى سەرۆکوەزیرانى عێراق سکاڵاى دژی تۆمار کردووە، کە تایبەتە بە تەرخانکردنى 100 ملیار دینار بۆ دەستەى حەشدی شەعبی بۆ خەرجکردنى زیادەى مووچەى کارمەندانى دەستەکە لە ساڵانى رابردوودا، بە شێوەیەک وەزارەتى دارایی بۆ بودجەى ساڵانى 2024 و 2025 پارە بۆ ئەو قەرەبووکردنەوەیە تەرخان بکات.
پێشتر لە 7ى ئابى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەسەر سکاڵایەکى محەممەد شیاع سوودانی بڕیاریدا بە نادەستووریبوونى ژمارەیەک مادە و دەستەواژەى نێو یاساى بودجە لەوانە دەستەواژەى دەسەڵاتى تایبەتى پارێزگار بۆ گرێبەستکردن لە چوارچێوەى یاسای وەبەرهێنان، لێبڕینى بەشێک لە مووچەى دەوڵەت بۆ سندووقى شەهیدان و لێبڕین لە مووچەى فەرمانبەران و تەرخانکردنى بڕێک پارە بۆ پەرەپێدانى پارێزگاکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ