رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە کاروانێکی دیکەی عێراقییەکانی نێو کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان بگەڕێندرێنەوە، کە ژمارەیان نزیکەی هەزار کەس دەبێت.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-09-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێکارەکانی گەڕاندنەوەیان دەستیپێکردووە و بڕیارە رۆژی 20ـی ئەم مانگە کاروانەکە بگەڕێنرێتەوە.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کاروانە، دووبەردانی گوتی، ژمارەیان تاوەکو ئێستا بە وردی دیار نییە، چونکە پرۆسەیەکی ئەمنیی ئاڵۆزە، "بەڵام باسی نزیکەی هەزار کەس دەکرێت."
شەوی 28-08-2025، کاروانێکی عێراقییەکانی کەمپی هۆل گەڕێندرانەوە کە زیاتر لە 800 کەس بوون و بەوەش بووە 29ـیەمین کاروانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عێراق لەو کەمپەوە.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پرۆسەی بەردەوامی حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی هەموو هاووڵاتییە عێراقییەکانی نێو کەمپەکە.
پرۆسەی گەڕاندنەوەی عێراقییەکانی کەمپی هۆل لە ساڵی 2021ـەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
کەمپی هۆل، کە بە کەمپی کەسوکاری چەکدارانی داعش ناسراوە، دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدایە.
ئەو کەسانەی لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە، سەرەتا لە کەمپی جەدعە لە باشووری موسڵ جێگیر دەکرێن کە ئێستا ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ "سەنتەری هیوا"؛ لەو سەنتەرەدا پرۆسەی شیاندنەوە و ئامادەکردنیان بۆ تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگەکانیان بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ