بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی بەغدا: وێنەی ئەبوو مەهدی موهەندیس لانەبراوە

11-09-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، دەنگۆی لابردنی وێنەی ئەبوو مەهدی موهەندیس لە فڕۆکەخانەکەدا رەتدەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بۆ رای گشتی روون دەکەینەوە، ئەوەی لە هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە لابردنی وێنەی فەرماندەی سەرکەوتن شەهید ئەبوو مەهدی موهەندیس بڵاوکراوەتەوە، هەواڵێکی تەواو دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە."
 
دەنگۆیەکە چەند رۆژێکە لە پلاتفۆرمەکاندا بڵاوکراوەتەوە و وێنەیەک دانراوە، کە وا دەردەکەوێت لەجێی وێنەی ئەبوو مەهدی موهەندیس، وێنەی نەخشەی عێراق دانراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا جەختکراوەتەوە لەوەی، "ئەوەی بڵاوکراوەتەوە جگە لە دەنگۆیەک هیچی دیکە نییە و ئامانج لێی چەواشەکردنی رای گشتییە،" داواش لە هەموو دەزگاکانی راگەیاندن و هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، "وردبن لە گواستنەوەی زانیارییەکان و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن."
 
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی بەغدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەردەوامین لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان، پێشکێشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە گەشتیاران لەپێشینەی کارەکانمانە."
 
جەمال جەعفەر ناسراو بە ئەبوو مەهدى موهەندیس، لە 3ى کانوونى دووەمى 2020، لە بۆردوومانێکى سوپاى ئەمریکا لە بەغدا لەگەڵ قاسم سولەیمانى، فەرماندەى پێشووى فەیلەقى قودسى سەر بە سوپاى پاسدارانى ئێران کوژرا. ئەو کاتە ئەبوو مەهدى موهەندیس جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبیى عێراق بوو.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە