حەشدی شەعبی: دەرگەی دامەزراندنمان نەکردووەتەوە

11-09-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی حەشدی شەعبی رەتی دەکاتەوە دەرگەی دامەزراندنی کردبێتەوە و داوا دەکات مامەڵە لەگەڵ بەستەری گوماناوى نەکرێت.
 
پێنجشەممە، 11ی ئەیلوولی 2025، فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی گشتی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێنراوێکدا رەتی کردەوە دەرگەی پەیوەندیکردن بە هێزەکانی ئەو دەستەیەی کردبێتەوە و دەڵێت، ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەمبارەیەوە دەستاودەست دەکرێت، "هەواڵی تەواو ناڕاستن."
 
دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوە داوە کە سەرجەم هەواڵە تایبەتەکانیان بەو دەستەیە لە پێگە فەرمییەکانیان بڵاودەکەنەوە و داوای لە هاووڵاتیان کردووە ئاگادار بن و دوای هەواڵی ساختە نەکەون و مامەڵە لەگەڵ بەستەرە گوماناوییەکان نەکەن.
 
بەگوێرەی خشتەی بودجەی 2024ی عێراق، ژمارەی چەکدارانی دەستەی حەشدی شەعبی 122 هەزار کەسن، مووچەی ساڵانەیان 3.8 تریلیۆن دینارە.
 
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق کە بۆ سێ ساڵە، دامەزراندن لە وەزارەت و دەستە و فەرمانگەكانی دەوڵەت رادەگیرێت، جگە لەو ژمارەیەی کە بەگوێرەی وەزارەت و دەستە جیاوازەکان لە بودجەدا بۆیان دیاریکراوە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە