هاتووچۆی عێراق بۆ رووداو: کامێرای چاودێری بووەتەهۆی کەمبوونەوەی 95%ی سەرپێچییەکان

11-10-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق دەڵێت، دانانی کامێرای چاودێری بووەتەهۆی کەمبوونەوەی سەرپێچی بە رێژەی 95%. ئاماژە بەوەش دەکات، پێبژاردنی سزای هاتووچۆ، ئۆتۆمبێلی تابلۆی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
عەمید نەسیر عەبدولستار، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەمڕۆ شەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 1ی تەممووزی ئەم ساڵەوە دانانی کامێرای چاودێری لە 5 چوارڕیانی بەری رەسافەی بەغدا جێبەجێ کرا.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق گوتی، "دانانی ئەو کامێرایانە هۆکار بوو بۆئەوەی رووداو و سەرپێچییەکانی هاتووچۆ بە رێژەی 90% بۆ 95% کەمببنەوە. ئێستا شۆفێران زیاتر پابەندی رێنوێنییەکانی هاتووچۆن."
 
عەمید نەسیر عەبدولستار ئاماژەی بەوەش کرد، دانانی کامێراکان بەردەوام دەبێت و بەپێی پلانەکەش هەر چوار مانگ جارێک نزیکەی 40 چوارڕیان کامێرایان بۆ دادەنرێت، جگە لە دانانی 20 کامێرای دیکە لەسەر رێگە خێراکان بۆ تۆمارکردنی تیژڕۆیی.
 
دوای رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەکی جیهانی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق پرۆژەی دانانی کامێرای چاودێریی لە سەرجەم چوارڕیانەکانی عێراق و کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچی لە رێگە خێراکان جێبەجێ دەکات.
 
پڕۆژەکە سەرەتا لە بەغدا تەواو دەکرێت و دواتر لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق جێبەجێ دەکرێت. بەڕێوەبەرایەتییەکە باس لەوە دەکات، سزا سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە سەرپێچیی هاتووچۆ دەکەن، بەوانەشەوە کە تابلۆی هەرێمی کوردستانیان لەسەرە.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە گوتی، ئەم هەوڵانە رۆڵی بەرچاویان لە کەمکردنەوەی رووداو و سەرپێچییەکاندا هەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە