رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارێزگای زیقار و وەزیرێکی پێشووی حکومەتی عێراق رەتیدەکەنەوە، کۆمپانیای ئینپێکس (INPEX)ی ژاپۆنی بەتەواوی لە کێڵگەی نەوتی ئەریدۆ کشابێتەوە و دەڵێن کۆمپانیاکە نیوەی پشکەکانی لەو کێڵگەیە فرۆشتووە.
عادل حاشووش رکابی، نوێنەری پارێزگای زیقار لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە 11-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمپانیای ئینپێکس (INPEX)ی ژاپۆنی لە کێڵگەی نەوتی ئەریدۆ بەتەواوی نەکشاوەتەوە و ماوەتەوە، بەڵام 50%ی پشکی خۆی فرۆشتووەتە کۆمپانیای لوک ئۆیلی رووسی، بۆیە ئێستا کۆمپانیا ژاپۆنییەکە 20% پشکی لە کێڵگەکە ماوە، لە بەرامبەردا پشکەکانی لوک ئۆیل بۆ 80% بەرزبووەتەوە.
ئەوە لەکاتێکدا پێشتر وابڵاوکرایەوە کە وەزارەتی نەوتی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە کۆمپانیای لوک ئۆیل (LUKOIL)ی رووسی 40%ی پشکی کۆمپانیای ئینپێکس (INPEX)ی ژاپۆنی لە کێڵگەی ئەریدۆ بکڕێتەوە، بەوەش کۆمپانیا رووسییەکە دەبێتە خاوەنی 100%ی پشکەکانی ئەو کێڵگە نەوتییە.
لەبارەی هۆکاری فرۆشتنی پشکەکانی، عادل حاشووش رکابی، کە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بوو لە حکومەتەکەی مستەفا کازمی پێیوایە "بە هۆکاری تایبەت رەنگە هۆکاری تەکنیکی، یاخود سیاسی بێت. بەپێی ئەو گرێبەستەی کراوە رۆژانە کێڵگەکە 30 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت تاوەکو 2025، لە ساڵی 2028دا دەگاتە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە".
زرغام مالیکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 06-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کشانەوەی کۆمپانیا ژاپۆنییەکە کارێکی ئاساییە و هیچ گرفتێک دروست ناکات. ئەو کشانەوەیە پەیوەندی بە شایستەی دارایی کۆمپانیاکەوە نییە؛ رەنگە بە هۆکاری تایبەت بە کۆمپانیاکە و پشکەکانی بووبێت یان لێکدانەوەکانی بۆ کارکردن لەو کێڵگەیە بەو جۆرە نەبووبێت پێشبینی هەبووە بۆی".
زرغام مالیکی، کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسایە بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، رەتیکردەوە هیچ هۆکارێکی سیاسی لە پشت کشانەوەکە بێت یان پەیوەندی بە ململانێی رووسیا و ئەمریکاوە هەبێت و ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەک پێکدەهێنن بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە و سەردانی وەزارەتی نەوت دەکەن.
رۆژی 06-03-2023، رێوڕەسمێک بۆ راگەیاندنی پلانی پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی ئەریدۆ رێکخراو. ئەو کات حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ئامانجی وەزارەتەکەی گواستنەوەی چالاکییەکانە لە قۆناخی گەڕان بۆ قۆناخی بەرهەمهێنان و گوتیشی، پێشبینی دەکەن یەدەگی نەوتی ئەو کێڵگەیە زیاتر لە 12 ملیار و 900 ملیۆن بەرمیل بێت.
لە قۆناخی یەکەمدا بەرهەمهێنانی رۆژانەی کێڵگەکە تێکڕا 30 هەزار بەرمیلە و چاوەڕوان دەکرێت بگاتە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەوەش بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە. گرێبەستەکە بە جۆرێکە کە چاوەڕوان دەکرێت لە شەش مانگی سەرەتادا پێنج هەزار هەلی کار بڕەخسێنێت و دواتر بگاتە 12 هەزار هەلی کار، ئەوانیش لە نێوان پارێزگاکانی زیقار و موسەننا دابەشدەکرێن و هەشت هەزار بۆ زیقار و چوار هەزاریش بۆ موسەننا دەبێت.
کێڵگەی ئەریدۆ دەکەوێتە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق. رۆژی 07-11-2013 گرێبەستی دۆزینەوە، پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی نەوت لەنێوان وەزارەتی نەوت، ئینپێکس و لۆک ئۆیل واژۆکرا، کە ماوەی جێبەجێکردنەکەی 30 ساڵە. گرێبەستەکە بەشێوەیەک بوو پشکی لوک ئۆیلی رووسی 60% و کۆمپانیای ئینپێکسی ژاپۆنی 40% بوو.
ئەو هەنگاوەی ژاپۆن وەک یەکێک لە وڵاتانی هاوپەیمانیی ئەمریکا بەو جۆرە لێکدانەوەی بۆ دەدرێتەوە کە لە بەرژەوەندیی مۆسکۆ و پەکینە تاوەکو رۆژئاوا لە کۆنترۆڵکردنی وزەی عێراق دووربخرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ