رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، کردنەوەی ئاسمانی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و نەجەفی راگەیاند.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای ئەوەی بەهۆی دۆخی کەشوهەواوە گەشتەکان راگیرابوون، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، جارێکی دیکە ئاسمانی ئەو دوو فڕۆکەخانەیە بە رووی گەشتەکاندا کرانەوە و جووڵەی فڕۆکەوانی ئاسایی بووەتەوە.
پێشتر وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بەهۆی خراپیی دۆخی کەشوهەواوە، گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و نەجەف و سلێمانی راگیراون، بەڵام سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی سلێمانی هەواڵەکەی رەتکردەوە و گوتی ئەم بەیانییە گەشت کراوە.
مەیسەم سافی، ئاماژەی بەوەکردبوو، بڕیاری راگرتنی گەشتەکان لەو سێ فڕۆکەخانەیە بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاستی بینین بووە. لەگەڵ باشتربوونی دۆخی کەشوهەوا و ئاساییبوونەوەی رەوشەکە، گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە.
شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە باشووری کوردستان و عێراق کردووە و کەشوهەوای ناسەقامگیر کردووە، بەم هۆیەوە، ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرکووک و شەش پارێزگای عێراق لە قوتابخانە و فەرمانگەکان کراوەتە پشوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ