رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە، گوندێکی سەر بە پارێزگای واست بە ئاو دەور دراوە و وەک دوورگەی لێهاتووە. بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، لافاوەکە زیانی گیانی نەبووە.
ئەحمەد هەماش، بەڕێوەبەری ناحیەی شێخ سەعد لە پارێزگای واست ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی رووی لە ناوچەکە کردووە، ئاوێکی زۆر لە چواردەوری گوندی (عەلی موردا)ی سەر بە ناحیەکە کۆبووەتەوە."
بە گوتەی ئەحمەد هەماش، لەبەرئەوەی گوندەکە لە سەردەمی ساسانییەکانەوە دروستکراوە و لە شوێنێکی بەرزە، ئاو نەگەیشتووەتە نێو زۆربەی ماڵەکان، تەنیا ئاو چووەتە نێو دوو ماڵ و هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێنەکەوتووەتەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی شێخ سەعد ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی تەمێکی زۆرەوە لە ناوچەکە رێگری بۆ تیمەکان دروستبووە و گوتی: "چاوەڕێین ئەمڕۆ ئاستی ئاوەکە کەمبێتەوە و زەوی وشک بێتەوە، بۆ ئەوەی رێگەیەکی کاتی بە شێوازێکی بەرز و بە خۆڵ دروستبکەین، هەموو ئامرازێکیش وەک شۆفڵ و گەڵابە بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکراون."
گوندی عەلی موردا نزیکەی 22 ماڵی تێدا نیشتەجێن و سێ کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ