گۆڕێکی بەکۆمەڵی نوێی سەردەمی رژێمی پێشوو لە ئەنبار دۆزرایەوە

12-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای شەهیدان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە ئامادەبوون و رێنوێنیی تۆمەتبار سەعدوون سەبری قەیسی، پشکنینێکی هونەریی سەرەتایی بۆ گۆڕێکی بەکۆمەڵی تازە دۆزراوە لە پارێزگای ئەنبار دەکەن.
 
گۆڕە بەکۆمەڵەکە، دەکەوێتە ناحیەی سەقلاوییە لە قەزای فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار-ی رۆژئاوای عێراق.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەزگای شەهیدانی عێراق، کە رۆژی سێشەممە 11-02-2025 بڵاوکراوەتەوە، زەرغام کامل، سەرۆکی تیمی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان رایگەیاند، پشکنینێکی هونەریی سەرەتایی بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکە کراوە، کە لەلایەن پیاوانی رژێمی رووخاو بە رێنوێنیی تۆمەتبار سەعدوون سەبری قەیسی کراوە.
 
زەرغام کامل ئاماژەی بەوە داوە، قوربانییەکان پیاو و ئافرەتیان تێدایە و پرۆسەی لەسێدارەدانەکە لە شوێنی گۆڕەکە کراوە، هەر جارێک 20 بۆ 25 کەس کۆمەڵکوژ کراون.
 
بە گوتەی سەرۆکی تیمی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، دوای پشکنینە سەرەتاییەکانی گۆڕەکە، رووفاتی زیاتر لە 5 کەس دەرکەتوون، کە بە پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام بەخاکسپێردرابوون.
 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق رۆژی شەممە 01-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 5 بەرپرسی باڵای ئەمنیی پێشووی عێراقیان دەستگیر کردووە، کە ساڵی 1980 لە ماوەی سەرکوتکاریی دەسەڵاتی بەعس لە دژی ئۆپۆزیسیۆن و کورد، دەستیان لە لەسێدارەدانی باقر سەدر و خوشكەکەیدا هەبووە.
 
دیارترینی ئەو 5 پیاوە، سەعدوون سەبری جەمیل قەیسی-یە، کە ئەوکات پلەی لیوای هەبووە. لە دانپێدانانەکانیدا دەڵێت، بە چەکی خۆی، فەرمانی لەسێدارەدانی محەممەد باقر سەدری جێبەجێ کردووە.
 
فازڵ ئەبو رەغیف، شرۆڤەکاری ئەمنی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەعدوون واتە کۆمەڵێک تاوان، دڕندەیی، ئەشکەنجە و کوشتن. تەنیا سەعدوون زیاتر لە 20 هەزار هاووڵاتیی عێراقی کوشتووە. هەر کەسێکیان لە بەردەم خۆیان بینیبووایە، بێ گەڕانەوە بۆ هیچ دادگەیەک، دەیانکوشت."
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، تاوانبارەکان دانیان بە کوشتنی سەدان کورد، سەرکردە و ئەندامی حیزبە ئیسلامی و شیوعییەکانی عێراقیش داناوە. 
 
سەعدوون سەبری، یەکەم ئەرکی بریتی بوو لە بەرپرسی هۆبەی پێنج لە دەزگای هەواڵگریی عێراق لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس. ئەو هۆبەیە تایبەت بوو بە لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدانی ئەندام و کەسایەتییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی.
 
سەبری کە ناسناوە ئەمنییەکەی "عەمید نەزارە"، تاوەکو ساڵی 1986 بەڕێوەبەری هۆبەی پێنج بوو، دواتر تاوەکو ساڵی 1990 بەڕێوەبەری ئاسایشی بەسرە بوو و پاشان تاوەکو شوباتی 1991 بەڕێوەبەری ئاسایشی کوێت بوو؛ پاشان بووە بەرپرسی ئاسایشی ئابووری.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە