لە عێراق قۆناخی سێیەمی دەستەبەری تەندروستی دەستیپێکرد و یەک ملیۆن کەس دەگرێتەوە

12-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
  
وەزارەتی تەندروستیی عێراق، دەستپێکردنی قۆناخی سێیەمی دەستبەری تەندروستی راگەیاند، کە نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەگرێتەوە. تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، لە کەرکووک هیچ ئامادەکارییەک نەکراوە. 
 
لەو یەک ملیۆن کەسەی لە قۆناخی سێیەمدا تۆمارکراون، 500 هەزاریان فەرمانبەرن لە وەزارەتە جیاوازەکاندا لەگەڵ خێزانەکانیان، کە پابەندکراون بە ناوتۆمارکردن. هەروەها گرێبەستەکانی بڕیاری ژمارە 315 و 50 هەزار خانەنشین بە خێزانەکانیانەوە لە بەغدا ناونووسکراون.
 
لە تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتیدا زیاتر لە 450 هەزار کەس هەن، کە زانیارییەکانیان لە وەزارەتی کار کۆکراونەتەوە، بەمەش کۆی گشتیی ژمارەکە گەیشتووەتە ملیۆنێک بەشداربوو.
 
دکتۆر زیاد خەلەف، یاریدەدەر بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12-02-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەستبەری تەندروستی تەنیا لە پارێزگای بەغدا دەستیپێکردووە، چاوەڕێ دەکەین بزانین لە بەغدا سەرکەوتوو دەبێت، دواتر تەواوی پارێزگەکانی دیکە دەگرێتەوە." 
 
بەگوتەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک، لە کەرکووک هیچ ئامادەکارییەک بۆ دەستەبەری تەندروستی نەکراوە.
 
سەرەتا، پرۆژەکە تەنیا بەغدای گرتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەردوو قۆناخی یەکەم و دووەمدا لە سیستمی دەستەبەری تەندروستی لە پارێزگای بەغدا ناویان نووسراوە، گەیشتووەتە ملیۆنێک و 160 هەزار کەس.
 
قۆناخی یەکەم 300 هەزار هاووڵاتی و قۆناخی دووەم 700 هەزار هاووڵاتی بوون.
 
عەلی ئەحمەد، بەڕێوەبەری دەستەی دەستەبەری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت، خزمەتگوزارییەکان لە زیاتر لە 24 دەزگای تەندروستی دابین دەکرێن، لەنێویاندا 11 نەخۆشخانەی تایبەت لە پارێزگای بەغدا، لەگەڵ 9 سەنتەری ددان و 4 تاقیگە.
 
هەروەها گرێبەست لەگەڵ 28 دامەزراوەی حکومی کراوە، بۆ کردنی نەشتەرگەریی جۆراوجۆر و پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان، لەوانە راوێژکاری، دەم و ددان، تاقیگە، تیشک و چارەسەرکردن.
 
عەلی ئەحمەد، باس لەوە دەکات، بەشداربووانی دەستەبەری 10% دەدەن، کاتێک سەردانی کلینیکەکانی راوێژکاری لە هەر دەزگایەکی تەندروستی دەکەن، لەکاتێکدا دەستەی دەستەبەری تەندروستی ئەوانی دیکە دەگرێتەئەستۆ، لەکاتی سەردانی نەخۆشخانە ئەهلییەکان و، نەشتەرگەریکردن تەنیا 25% دەدەن.
 
ساڵانە بەشداربووانی تەمەن خوار 40 ساڵ مافی شەش سەردانیان هەیە و نەشتەرگەرییەک لەگەڵ خێزانەکانیان بەخۆڕایی بۆ هەر یەکێکیانە. هەروەها بۆ ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو 40 ساڵە، هەمان مافیان هەیە لەگەڵ 8 سەردان. 
 
ئەو کەسانەی لە چاودێریی کۆمەڵایەتی ناونووسکراون، تەنیا 5%ـی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەدەن.
 
ئەوانەشی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، وەک شەکرە و پەستانی خوێن، بۆیان هەیە 12 رەچەتەیان هەبێت و شەش جار سەردانی پزیشک بکەن، ساڵانە بۆ ئەوانەی خوار 40 ساڵ و بۆ ئەوانەشی لە سەروو 40 ساڵەوەن، مافی 12 رەچەتە و 8 سەردانیی پزیشکیان دەبێت لە ساڵێکدا، بێ بەرامبەر.  
 
پەرلەمانی عێراق، لە تشرینی یەکەمی 2020 پڕۆژەیاسای تەندروستیی ژمارە 22ـی ساڵی 2020ـی پەسندکرد کە لە 12 بەش و 44 مادە پێکهاتووە.
 
پڕۆژەیاساکە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی تێدایە؛ شەش مانگ دوای پەسندکردنی لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە. لە شوباتی 2021ـیشدا سەرۆککۆمار پەسندی کردووە.
 
دیارترین خاڵەکانی جێبەجێکردنی یاسای دەستەبەری تەندروستی بریتییە لە دەستکردن بە تۆماری ئەلیکترۆنی و بەئەلیکترۆنیکردنی رێکارە حکومییەکان بۆ کارئاسانیی پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان و دڵنیایی دۆسییەی پزیشکان.
 
لەو چوارچێوەیەدا تیم دروستکراوە بۆ دابەشکردنی دەفتەری دەستەبەریی لەنێو فەرمانگەکانی دەوڵەت و خێزانەکان، ئەوەش بەگوێرەی یاسا. 
 
لە بەغدا لە 48 وەزارەت و دامەزراوەی جیاجیای دەستەبەری دەستیپێکردووە. تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، خانەنشین و هاووڵاتییانیش دەگرێتەوە.  
 
بە گوتەی دکتۆر ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، تێچووی نەشتەرگەییەک لە کەرتی تایبەت 5 ملیۆن دینارە، بەڵام بەهۆی بەشداریکردن کە دەستەبەری تەندروستی و دەستەی دڵنیایی هاووڵاتیان لە 25٪ تێچووی نەشتەرگەرییە زیاتر نادات. حکومەت لە رێگەی سندووقی دڵنیاییەوە تێچووی 75٪ـی دیکەی نەشتەرگەرییەکەی بۆ دەدات، ئەوەش یەکەم جارە لە عێراق دەکرێت.
 
فەرمانبەر بە 1٪ مووچەی مانگانەکەی لەو دەستەبەرە بەشدار دەبێت، لەگەڵ خێزان و منداڵەکانی (خوار تەمەن 18 ساڵ)، هەروەها ئەوانەشی فەرمانبەر نین، دوو منداڵیان دەستەبەرەکە دەیانگرێتەوە.
 
سەرەتا پڕۆژەکە لە بەغدا دەستیپێکردووە، لە سەرەتای جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا کارمەندانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و وەزارەتەکانی گرتووەتەوە.
 
بەگوێرەی یاساکە، رێکارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بۆ سێ قۆناخ دابەشبووە، قۆناخی پابەندبوون هەموو فەرمانبەرانی دەوڵەت دەگرێتەوە، بۆ خانەنشینان و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە ناچاری نییە، ئەوەی دەستبەری بۆ دەکرێت کارتێکی پێ دەدرێت، دوای شەش مانگ لە ناوتۆمارکردن، خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی پێشکێش دەکرێت.
 
مانگانە کەسی بەشداربوو 10-50 هەزار دەدات ئەوەش بەگوێرەی پلەی وەزیفییە، پارەکەش زیاتر نییە لە 1٪ـی کۆی مووچەی فەرمانبەرەکە. 
 
ئەوانەشی لە پێدانی پارەی مانگانە دەبەخشرێن، بریتین لەوانەی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، تووشبووانی شێرپەنجە، تووشبووانی نەخۆشی دەروونی، ئەوانەی گورچیلەکانیان لەکارکەوتووە و سستە، کەسانی نیڤشکان، پەککەوتووانی هێزە ئەمنییەکان، خانەنشینان ئەوانەی تەمەنیان سەرووی 60 ساڵە، ئەو ژنانەی فەرمانبەر نین و خانشینانی ژن کە تەمەنیان سەرووی 50 ساڵە لەگەڵ منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە