رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى هاوپەیمانى نەسر رایگەیاند: "بەم نزیکانە" شاندێک بەسەرۆکایەتیى کەسێکى نزیک لە حکومەت و چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ چارەسەرى کێشەکانى نێوان حکومەتى فیدڕاڵى و حکومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى هەولێر دەکات.
سەلام زوبەیدى، گوتەبێژى هاوپەیمانى نەسر بە رووداوى راگەیاند: بڕیار بوو ئەو شاندە بەر لە جەژنى قوربان سەردانى هەرێمى کوردستان بکات، بەڵام بەهۆى پشووى جەژن دواخرا و "ویستێکى زۆر لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراق لایەنە سیاسییەکان هەیە بۆ گفتووگۆ."
28ـی ئایارى 2025، وەزارەتى دارایی عێراق بە نووسراوى فەرمى حکومەتی هەرێمی کوردستانى لەوە ئاگادارکردەوە چیدیکە ناتوانێ پارە بۆ مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەم ساڵ بنێرێ، بە پاساوى ئەوەی پابەند نەبووە بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی و، نەمانى تەرخانى پارە بۆ هەرێمى کوردستان.
سەلام زوبەیدى گوتى:" کەسێکى بەرپرس کە نزیکە لە حکومەت و چوارچێوەى هاوئاهەنگى سەرۆکایەتیى شاندەکە دەکات، ئەندامەکانى بە ناو دیار نین، بەڵام ئەوانە دەبن کە ئاگادارى پرسە داراییەکانن، بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ دەکەن بە مووچەى فەرمانبەرانیشەوە".
پشکى مانگانەى هەرێمى کوردستان لە پارەى مووچە زیاتر لە 900 ملیار دنیارە، حکومەتی هەرێمی کوردستان 12ى حوزەیران لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەدا لە 13 تریلیۆن دیناری پشكی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025، تەنیا 4 تریلیۆن دینار نێردراوە.
گوتەبێژى هاوپەیمانى نەسر دەڵێت: "ئەو کێشانەى لە نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى هەن نوێ نین و کەڵەکە بوو و دواخراو و ئاڵۆزن، ئەوەى پەیوەندارە بە پرسە داراییەکان و رادەستکردنى داهاتى نەوت بەهۆى ئەوەیە کە یاسایەک نییە ئەم پرسانە لە نێوان هەولێر و بەغدا رێکبخات، بەتایبەت یاساى نەوت و گاز".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ