رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى نووسراوەکەى سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانەوە، گوتەبێژى کۆمیسیۆنەکە دەڵێت: "پێشنیازى دوو وادە کراوە بۆ ئەو هەڵبژاردنە و کۆمیسیۆن تاوتوێیان دەکات."
رۆژی 12ى تەممووزى 2023، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، رۆژى یەکشەممە، 16ى تەممووز ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى ئەو نووسراوەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ئاراستەى کردوون لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
جومانە غەلاى گوتی: "لە نووسراوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستاندا دوو وادە پێشنیازکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، یەکەمیان لە 18ى تشرینى دووەمى 2023 و دووەمیشان 18ى کانوونى یەکەم، کە هاوکات بێت لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێكى فهرميدا كه رۆژی دووشهممه 10-07-2023 به واژۆى سهرۆكى ديوانى سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان ئاراستهى كۆمیسيۆنى باڵاى سهربهخۆى ههڵبژاردنى عێراقی کردووە، داواى كردووه كۆمیسيۆن ئامادهيى نيشان بدات بۆ سهرپهرشتيكردنى ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان.
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لەگەڵ فەرمانبەرانى هونەرى کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنى ئەو دوو وادەیەى پێشنیازکراوە و بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدەن.
رۆژی 26-03-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، فەرمانی هەرێمیی ژمارە 90ـی ساڵی 2023ـی خوێندەوە کە دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بوو.
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکرد، بەر لەوەى لە 30ـى ئایارى 2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ