لە بەسرە باڵندەکان "بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیس" دەمرن

12-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دوو رۆژی رابردوودا چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە بەسرە بڵاوکرانەوە، کە مردنی لەناکاوی چەند جۆرێک باڵندە پیشاندەدەن لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکەدا. سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پارێزگاکەش دەڵێت، "پیسبوونی ئاو هۆکارە."
 
محەممەد بەتات، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هۆکاری سەرەکی مردنی ئەو باڵندانە، پیسیی ئاوی پارێزگاکەیە، بەجۆرێک بەکەڵکی هیچ گیانلەبەرێکیش نەماوە."
 
بەتات گوتی، "ئەوانەی ئاژەڵدارن لە پاڵاوگەکاندا ئاو بۆ ئاژەڵەکانیان دەهێنن، کە بەشێکیان ناچارن بیکڕن و بەشی هەموویان ناکات."
 
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ، رێژەی خوێ و پیسبوون لە ئاوەکانی بەسرەدا "گەیشتووەتە 90%." دەشڵێت، "تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی خێرای بۆ نەکراوە."
 
بەتات، تورکیای بە هۆکاری بەرزبوونەوەی رێژەی خوێ لە ئاوەکانی بەسرە تۆمەتبار کرد و گوتی، "بەنداوی موسڵ ئاوی کەم تێدایە و لە تورکیاوە ئاو بەرنادرێتەوە، ئەوەش وایکردووە رێژەی خوێ لێرە بەرز ببێتەوە."
 
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە پێیوایە، "پیسبوونی ئاو و بەرزیی رێژەی خوێ کاریگەری کردووەتە سەر سامانی ئاژەڵ، بەم جۆرەش بەردەوام بێت مەترسیی گەورە دەکەوێتە سەر سامانی ئاژەڵ لە پارێزگاکەدا."
 
کێشەی ئاوی بەسرە چەندین ساڵە بەردەوامە. زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لەو پارێزگایە دەژین و بەشی زۆری دانیشتووانەکەشی بۆ ئاوی خواردنەوە، پشت بە چەند وێستگەیەکی حکومی و زیاتر لە 200 وێستگەی تایبەت دەبەستن.
 
رۆژی 24ـی ئەم مانگە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە بەسرە و بەردی بناخەی پرۆژەی شیرینکردنی ئاوی دەریای دانا.
 
28ی تەممووز، زەید موئەیەد، جێگری پارێزگاری بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کێشەی پیسبوونی ئاو گەورەترین کێشەی بەسرەیە؛ چەندین پڕۆژەمان دەستپێکردووە بۆ چارەسەرکردنی، یەکێک لەوانە پڕۆژەی قەزای زوبێرە کە 80%ی کارەکانی تەواوبووە، بۆ پڕۆژەکانی دیکەش چاوەڕێی وەزارەتی پلاندانانین بۆ پەسندکردنیان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 فڕۆکەیەکی هێڵی گواستنەوەی نیشتمانیی یۆنان (Aegean Airlines) لە فڕۆکەخانەی بەغدا

یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی وڵاتێکی ئەورووپا لە فڕۆکەخانەی بەغدا نیشتەوە

دوای 35 ساڵ وەستان، رۆژی سێشەممە، 16-12-2025، یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی وڵاتێکی ئەورووپا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا نیشتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێ، عێراق گەڕایەوە سەر نەخشەی فڕۆکەوانیی ئەورووپا.