رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی بۆ رووداو: بەشداریی ژنان لە بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان بەرزترینە لە عێراق

12-08-2025
نەهرۆ محەممەد
مەها قەتاع، رێکخەری هەرێمیی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە عێراق
مەها قەتاع، رێکخەری هەرێمیی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری هەرێمیی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق دەڵێ، رێژەی بەشداریی ژنان لە بازاڕی کاردا لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق بەرزترینە، بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی رێژەی بێکاری لەنێو گەنجان و هەڵاوسانی کەرتی گشتی "مەترسیی گەورەن".
 
مەها قەتاع، رێکخەری هەرێمیی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە (12ی ئابی 2025) لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم بازاڕی کار لە عێراق پرسی بێکارییە کە بە گوێرەی دوایین رووپێوی لە ساڵی 2021 گەیشتبووە 16.5%، بەڵام ئەم رێژەیە لەنێو ژنان دوو هێندە بوو."
 
مەها قەتاع ئاماژەی بەوە کرد کە ئامارە نوێیەکان نیشانی دەدەن رێژەی گشتیی بێکاری بۆ 13.4% دابەزیوە، بەڵام هێشتا لەنێو توێژە هەستیارەکاندا بەرزە؛ روونیکردەوە: "رێژەی بێکاری لەنێو گەنجاندا نزیکەی 35%ـە و لەنێو ژنانی گەنجیش 28%ـە. بەشداریی ژنانیش لە بازاڕی کاردا لە عێراق بەگشتی یەکێکە لە نزمترین رێژەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان."
 
رێکخەری هەرێمیی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی هۆشداری دا لەبارەی ئاماژەی "نیت" کە گەنجانێک دەگرێتەوە نە دەخوێنن، نە لە راهێناندان و نە کار دەکەن و گوتی: "رێژەی ئەو گەنجانە گەیشتووەتە 36% و ئەمە پێویستی بەوەیە زەنگی ئاگادارکردنەوەی بۆ لێبدەین." 
 
یەکێکی دیکە لەو "مەترسییانە"ی مەها قەتاع باسی کرد، هەڵاوسانی کەرتی گشتییە و گوتی: "لە عێراق 40% بۆ 45%ـی هێزی کار لە کەرتی گشتیدا کار دەکەن، ئەمە یەکێکە لە بەرزترین رێژەکان لە جیهان، لەکاتێکدا لە هەندێک وڵات تەنیا 15% بۆ 20%ـە. ئەمە مەترسیدارە، چونکە هەر قەیرانێکی دارایی رووبەڕووی حکومەت بێتەوە، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر مووچە دەبێت."
 
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش گوتی: "رێژەی کارمەندان لە کەرتی گشتیدا لە هەرێمی کوردستان کەمترە بەراورد بە ناوچەکانی عێراق، هەروەها رێژەی بەشداریی ژنان لە بازاڕی کاردا 10.4%ـە کە بەرزترینە لەسەر ئاستی عێراق، هەرچەندە هێشتا نزمە."
 
قەتاع کێشەی سەرەکیی گەنجانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە زۆرینەی هەلی کارەکان لە کەرتی تایبەتدان، بەڵام "لە کەرتی ناڕێکخراودان، واتە هەلی کاری پارێزراو نین، دەستەبەری کۆمەڵایەتییان نییە، گرێبەستیان نییە و کاژێرەکانی کارکردنیان درێژە."
 
هەر ئەوەش وایکردووە گەنجان "ساڵانێک چاوەڕێی دامەزراندن لە کەرتی گشتی بکەن و ئامادە نەبن بچنە کەرتی تایبەت، بەمەش چەندین ساڵی تەمەنیان بەفیڕۆ دەدەن و ئەو شارەزاییە وەرناگرن کە بۆ پێشکەوتنیان لە بازاڕی کاردا پێویستە."
 
رێکخەری هەرێمیی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە عێراق جەختی کردەوە کە "مۆدێلی دەوڵەتی دامەزرێنەر کۆتایی هاتووە" و پێویستە حکومەت ژینگەیەکی لەبار بۆ کەرتی تایبەت بڕەخسێنێت تاوەکو هەلی کاری شایستە بۆ گەنجان دروست بکات، بەتایبەتی کە 95%ی ئەو کەرتە لە پڕۆژەی بچووک و مامناوەند پێکدێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە