پرۆفیسۆرێکی عێراقی: ئەم هەفتەیە بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر عێراق دەهەژێنێت

12-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق پێشبینییەکانی پڕۆفیسۆرێکی عێراقی رەتکردەوە کە رایاگەیاندبوو ئەم مانگە عێراق رووبەڕووی ژمارەیەک بوومەلەرزەی بەهێز و وێرانکار دەبێتەوە، بەتایبەت رۆژانی 14 و 15ـی ئەم مانگە، گوتەبێژی دەستەکە دەڵێت: "دڵنیایی دەدەینە خەڵک کە پێشبینیکردنی زەمینلەرزە کارێکی ئەستەمە و ئەو لێدوانانە رەتدەکەینەوە." 
 
رۆژی سێشەممە، 12-9-2023 عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، لەبارەی پێشبینییەکانی ساڵح محەممەد عەوەز، پڕۆفیسۆری عێراق، کە پێشبینیی روودانی بوومەلەرزەی بەهێز و بە گوڕی زۆر لە عێراق کردووە لەم مانگەدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە زانستی زەویناسیدا شتێکی زۆر ئەستەمە پێشبینی رووداوی زەمینلەرزە بکرێت، زۆر کات ئەو کەسانەی پێشبینییان کردووە دوای روودانی بوومەلەرزەکان دەردەکەون، زۆر جاریش پێشبینیی زۆریان کردووە و هیچ رووینەداوە، بۆیە ئێمە دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیانی عێراق کە روودانی زەمینلەرزەی وێرانکەر لە عێراق تەنیا پڕوپاگەندەیە و ئەوەی دەگوترێت پێشبینیی خۆیانە و هیچ بنەمایەکی زانستی نییە."
 
ئەو قسانەی ئەو بەرپرسەی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا پڕۆفیسۆر ساڵح محەممەد عەوەز، مامۆستای زانکۆ و شارەزای زانستی زەویناسی، پێشبینیکردبوو رۆژانی، 11، 14، 15، 21، 22، 23 و 30ـی ئەم مانگە زەمینلەرزەی بەهێز لە عێراق رووبدەن و ئەو رۆژانەی بە مەترسیدارترین رۆژەکانی ئەم مانگە ناوهێنابوو بەهۆی "تووندبوونی راکێشانی سەروو ئاسایی زەوی و ناسەقامگیریی پلێتەکانی زەوی" رۆژانی 14 و 15ـی ئەم مانگەشی بە مەترسیدارترین لەنێو ئەو رۆژانەدا باسکردبوو.
 
زانا عێراقییەکە لە روونکردنەوەکەیدا باسی ئەوەی نەکردووە کە ئایا ئەو زەمینلەرزانەی پێشبینی روودانی کردوون لە کام پارێزگایانە دەبن، ئایا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یان نا.
 
بەپێی دەستەی کەشناسی و زەمینلەرزەزانیی عێراق، لەمانگی ئابی 2023، 19 زەمینلەرزە لە عێراق روویانداوە، گوڕەکانیان لەنێوان 2.1 بۆ 3.3 پلە بە پێوەری رێختەر بووە.
 
سێ لەو زەمینلەرزانەی مانگی رابردوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی و سێ دانەی دیکەشیان لە سنووری قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە تۆمارکراون.
 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە