لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ کتێب، تەنیا یەک دەستگای چاپی کوردی بەشداریی کردووە

12-09-2025
زیاد ئیسماعیل
زیاد ئیسماعیل
پێشانگەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ کتێب
پێشانگەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ کتێب
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ کتێب، دەستگاکانی چاپ و وەشان پێشبڕکێی پڕفرۆشترین بەرهەمەکانی خۆیان دەکەن، تاوەکو بزانن کێ دەتوانێت زۆرترین بەرهەمەکانی ساخ بکاتەوە.
 
د. عەبدولوەهاب رازی، سەرۆکی لیژنەی رێکخەرانی پێشانگە دەڵێت، "زۆربەی زۆری ئەو کتێبانەی لێرە نمایش کراون، کتێبی نوێی بیرمەندە گەورە و ئەدیبەکانن."
 
فەرح ئەبو تمەن، مامۆستای زانکۆ دەڵێت، "هاتوومەتە پێشانگە، بۆئەوەی کتێبی نوێی ئەحمەد سەعداوی بکڕم، هەندێکجار نووسەرەکە هەر کتێبێک بڵاوبکاتەوە دەیکڕیت، چونکە ئیدی تۆ دەزانی ئەو بیرکردنەوە و شێوازی نووسینی چۆنە."
 
600 وەشانخانە لە 17 دەوڵەتی جیاوازەوە لەو پێشانگەیە بەشدارییان کردووە و بەرهەمەکانی خۆیان خستووەتەڕوو.
 
مەجید سابیر، خوێنەر باسی لەوە کرد، "لە شەستەکانەوە دەخوێنمەوە. ناتوانم ژمارەیەکی کتێبەکان بڵێم. زۆربەیان کورتە چیرۆکن."
 
لەنێو 600 دەستگای چاپ و بڵاوکردنەوە، تاکە دەزگایەکی کوردی لەوێ لێی نووسراوە (دار کوردستان لنشر و التوزیع).
 
عەبدولڕەحیم مەحموودی، بەرپرسی دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی کوردستان لە رۆژهەڵات گوتی، "کتێبی کوردی، نزیکەی 50 بابەتمان هێناوە، زۆرترینی دیوانە، بڕێکیشی کتێبی ئایینییە وەکو شەریعەتی ئایینیی ئیسلامیی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و نووسراوەکانی کاک ئەحمەدی سلێمانی، هەروەها کتێبە عەرەبییەکانی مامۆستا عەبدولکەریممان هێناوە. کتێبی عەرەبییش نزیکەی 50 ناونیشانمان هێناوە."
 
سەبارەت بە جیاوازیی پێشانگەکە لەگەڵ پێشانگەکانی کوردستان بەرپرسی دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی کوردستان لە رۆژهەڵات گوتی، "لە سلێمانی و هەولێر بەشداریمان کردووە، کتێبەکانی ئێمە بابەتی ئەوێن، هەم فەقێ و مەلای هەیە بۆ بابەتە مەنهەجییەکانمان، هەم خەڵکەکەش کتێبەکانی ئێمەی لەلا پەسندە، زۆر باش پێشوازیی لێدەکەن."
 
کتێبە عەرەبی زمانەکان، بەتایبەتی بابەتەکانی زانستی کۆمەڵایەتی و بابەتە ئەدەبییەکان، پشکی شێری پێشانگەکەیان بەرکەوتووە، سەردانیکاران تاوەکو 21ی ئەیلوول چانسی بینین و کڕینی کتێبەکانیان هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە