نزیکەی 50 گەنجی کورد لە کەرکووک دەستگیردەکرێن

13-10-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ئاهەنگگێڕانی لایەنەگرانی پارتی لە کەرکووک. وێنە و ڤیدیۆکە بۆ رووداو نێردراوە
ئاهەنگگێڕانی لایەنەگرانی پارتی لە کەرکووک. وێنە و ڤیدیۆکە بۆ رووداو نێردراوە
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پێشوەخت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، لە چەند گەڕەکێکی کوردنشینی کەرکووک نزیکەی 50 گەنج دەستگیرکراون. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو گەنجەکان لەلایەن لیوای 61ـی عێراق دەستگیرکراون.
 
شەوی 11-10-2021 لە بەشێک لە گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووک لایەنگرانی پارتی دەستیان بە ئاهەنگگێڕان کرد، بە گوێرەی زانیارییەکانی هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە ئاهەنگەکەدا پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و لایەنگرانی پارتی دروستبوو و 10 کەسیان دەستگیرکرد و دوای لێکۆڵینەوە بە کەفالەت ئازادکران.
 
لە بەیانیی رۆژی سێشەممە 12-10-2021 هێزەکانی لیوای 61 هەموو شەقامە سەرەکییەکانی سەر فولکەی ئیخوانیان لە رەحیماوا داخستبوو و، ئێوارەی ئەمڕۆ دوای دروستکردنی گوشار لەسەریان شەقامەکەیان کردەوە، بەڵام بازگەیان دانا و مۆبایلیان لە خەڵک سەندووە و پشکنیویانە.
 
محەممەد عوسمان، هاونیشتمانییەک لە گەڕەکی رەحیماوای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شەوی رابردوو بەهۆی سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاهەنگمان دەگێڕا، دواتر هێزێک هاتن و لێیانداین و مۆبایلیان لێوەرگرتین".
 
لە کاژێر 21:00ـی شەوی سێشەممە هێزێکی عێراقی هەڵیانکوتایە سەر گەڕەکی شۆڕیجە و هێزەکانی سوپای عێراقی و پۆلیسی کەرکووکیش دەستیان بە گەڕان و پشکنین کردووە لەو ناوچانە و نزیکەی 35 کەسیان دەستگیرکردووە و تاوەکو ئێستاش لە بنکەی پۆلیسی ئازادین.
 
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، لە 12 کورسیی پارێزگای کەرکووک، لایەنە کوردستانییەکان شەش کورسییان بە دەستهێناوە، لەو شەش کورسییە سێی بۆ یەکێتی، دووی بۆ پارتی و یەکێکیشی بۆ نەوەی نوێ بووە. شاخەوان عەبدوڵڵا، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی پارێزگاکەی بەدەستهێنا.
 
پارێزگای کەرکووک لە سێ بازنە پێکهاتووە، لە سەرجەم بازنەکان ملیۆنێک و 11 هەزار و 928 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن 34.48% بووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە